کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لەگەڵ سێناتۆر لیدیا تڕۆپ لە ئوسترالیا

08:17 - 28 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، کۆبوونەوەیەکی گرینگ لەگەڵ سێناتۆر لیدیا تڕۆپ لە ڕێگای ڤیدیو کونفرانسەوە بەڕێوە چوو.
هاوڕێیان سەلاح پوورئەسەد بەرپرسی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حیزب لە ئوسترالیا، باوە ڕەزایی هاوکاری بەشی پەیوندییەکان و بەرپرسی کۆمیتەی حیزب، ڕووناک ڕاد و ژینۆ کاردۆ هاوکارانی بەشی پەیوەندییەکان وێڕای کامڕان سوهرابی ئەندامی کۆمیتەی حیزب و بەرپرسی ڕاگەیاندن لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار بوون.
لەم کۆبوونەوەیەدا باس لە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، سەرکوت و لەسێدارەدانی خەڵکی کوردستان و هەروەها هاوکاریی توندوتۆڵ لە نێوان سێناتۆر و ئەو پارلەمانتارانە کرا کە زۆرتر لە سەر مافی نەتەوەکانی ئێران هەستیارن.

هەروەها بەرنامەی دۆستایەتیی پارلەمانتارانی ئوسترالیا و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات هاتە بەر باس و چۆنیەتیی کار لەو بوارەدا تاوتوێ کرا.

تەوەرێکی دیکەی باسەکە لەسەر بانگهێشتنی ئۆپۆزسیۆنی کوردی دژی کۆماری ئیسلامی بوو کە سەرنجی تایبەتیی خرایە سەر و سێناتۆر لیدیا بەڵێنی دا کە لەمبارەوە هەوڵی خۆی بە چڕی بدا. هەروەها لە درێژەی ئەو باسەدا ئاماژە بە دۆخی خراپی پەنابەران و سیاسەتی نادروستی حکوومەتی ئوسترالیا بە نیسبەت پەنابەرانەوە کرا.
بەشێکی دیکەی ئەو کۆبونەوەیە لەسەر پێوەندیی دەوڵەتی ئوسترالیا و نوێنەرانی پارلەمانی ئوسترالیا لەگەڵ پەنابەرانی کورد لەم وڵاتە بوو کە داوا کرا کە دەنگی کورد باشتر ببیسترێ و گوێبیستی داواکانیان بن.
هەرەوەها باسی ئەوە کرا کە هیچ تاکێک لە دەروەی ئێران نوێنەرایەتیی گشت گەلانی ئێران ناکات و ئێمە وەک گەلی کورد نامانهەوێت کە دیکتاتۆرێک لابچێت و دیکتاتۆرێکی تر بێتە جێگای، بۆیە دەوڵەتی ئوسترالیا لەوبارەوە دەبێت چاوکراوە بێت و بزانێت بۆ بیستنی داواکارییەکانی گەلانی ئێران لەگەڵ کێ بەرەوڕوویە.

سێناتۆر ترۆپ بەڵێنی هاوکاریی تەواوی لەسەر باس و داواکارییەکان دا و ڕایگەیاند کە لەگەڵ ژماریەک لە هاوپیشەکانی کار لەسەر ئەو بەرنامانە دەکا کە لە کۆبوونەوەکەدا باس کران. هەروەها ڕایگەیاند کە بۆ بەڕێوەبردنی بەرنامەکانی ساڵی داهاتوو کە وا بڕیارە لە ناو پارلەمانی ئوسترالیادا بەڕێوە بچێت، هاوکار بێ.