کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاودانان؛ ژمارەی دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکان گەیشتە ٧ کەس

08:22 - 28 خەزەڵوەر 2726

لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنەکان لە شاری ئاودانانی سەر بە پارێزگای ئیلام، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "پەیمان کەریمزادە" دەسبەسەر کرا و بەمەش ژمارەی دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەو شارە گەیشتە حەوت کەس.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی پەیمان کەریمزادەیان لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی ڕابردوودا دەسبەسەر کردووە.

پێشتریش ناسنامەی شەش هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "سینا دەرویشی" (مێرمنداڵی ١٥ ساڵ)، "ئیرەج حەیدەری"، "سەعید عەبدوڵڵاهی"، "ئەسغەر ئەکبەری"، "ئارمین سلێمانی" و "بێهنام مورادی" پشتڕاست کرابووەوە. هەروەها هاووڵاتییەکی دیکەش بە ناوی "موحسێن باویر" دوای چەند کاتژمێر لە دەسبەسەرکران، ئازاد کراوە.

سەرجەم ئەم حەوت هاووڵاتییە دوای دەسبەسەرکرانیان بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە و تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

ئەم شەپۆلەی دەسبەسەرکردن دوای ئەوە هات کە پاشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر، سەدان کەس لە خەڵکی ئاودانان لە ناڕەزایەتی بە گیانلەدەستدانی ١٣ کرێکار و ئەندازیاری شیرکەتی پێترۆپالایاش لە ڕووداوی وەرگەڕانی ئوتوبووسێکدا و خراپیی دۆخی ڕێگاوبانەکان، ڕژانە سەر شەقامەکان و بازاڕییانیش مانیان گرت.

خۆپیشاندانەکان تا درەنگانی شەو بەردەوام بوون و هێزەکانی یەکەی تایبەت بە پچڕاندنی ئینتێرنێت و تەقاندنی گازی فرمێسکڕێژ و چەکی ساچمەیی هێرشیان کردە سەر خەڵک.