مای ساتۆ، ڕیپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤی ئێران، لە وتارێکدا لە پارلەمانی فەرانسە ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی تەنانەت لە کاتی شەڕیشدا لەسێدارەدانی ڕانەگرتووە و لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباردا لانیکەم ٣٩ کەسی لە سێدارە داوە.
مای ساتۆ ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر ئاماژەی بەوە کرد کە لەنێو ئەو ٣٩ کەسەدا، لانیکەم پێنج کەسیان لەبەرچاوی خەڵکەوە لە سێدارە دراون.
ناوبراو وتی: "بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی شەڕیان وەک ئامرازێک بۆ بەلاڕێدابردنی سەرنجەکان لەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و سەرکوتی خۆپیشاندەران بەکار هێناوە."
ڕیپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیشی کردەوە کە نابێت دۆخی شەڕ ببێتە هۆی ئەوەی ئەو تاوان و ڕووداوانەی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباردا ڕوویان دا، لەبیر بکرێن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مای ساتۆ تیشکی خستە سەر دۆخی بنەماڵەی قوربانییان و ڕایگەیاند کە گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار نەک هەر کەم نەبوونەتەوە، بەڵکوو توندتریش بوونەتەوە.
بە وتەی ناوبراو، هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم گوشار دەخەنە سەر بنەماڵەی شەهیدان تاکوو ڕاستییەکان بشارنەوە، ڕێگرییان لێ دەکەن ڕێوڕەسمی ماتەمینی بۆ ڕۆڵەکانیان بەڕێوە ببەن و بە دەستبەسەرداگرتنی سامان و موڵکەکانیان هەڕەشەیان لێ دەکەن.