کۆمیتەی سێیەمی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، ڕەشنووسی بڕیارنامەی تایبەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا بە ٧٦ دەنگی ئەرێنی، ٢٧ دەنگی نەرێنی و ٦٤ دەنگی بێلایەن پەسەند کرد و بۆ پەسەندکردنی کۆتایی ڕەوانەی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد.
ئەم بڕیارنامەیە کە بە دەستپێشخەریی وڵاتی کانادا پێشکەش کرابوو، وێڕای مەحکوومکردنی توندی سەرکوتی بێوێنەی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی لەسێدارەدانەکان، ئازادکردنی بێمەرجی دەسبەسەرکراوان و کۆتاییهێنان بە پارێزبەندیی دادوەریی بەرپرسانی ڕێژیم دەکات.
لە دەقی بڕیارنامەکەدا، بە پشتبەستن بە دۆزینەوەکانی لێژنەی سەربەخۆی دۆزینەوەی ڕاستییەکان، ئاماژە بەوە کراوە کە بەشێک لە پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی دەچنە خانەی "تاوان دژی مرۆڤایەتی."
هەروەها جەخت لەسەر سەپاندنی ناهاوسەنگیی سزای لەسێدارەدان بەسەر نەتەوە بندەستەکان، بەتایبەتی کورد و بەلووچەکان و هەروەها لەسێدارەدانی مێرمنداڵانی ژێر ١٨ ساڵ کراوەتەوە.
بڕیارنامەکە هۆشداریی توند دەدات کە کۆماری ئیسلامی دەرەنجامەکانی شەڕی ناوچەکە وەک بیانوویەک بۆ پەرەپێدانی سەرکوتی نێوخۆیی و پچڕاندنی ئینتێرنێت بەکار دەهێنێت.
لە بەشێکی دیکەدا، داوای هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی پەیوەست بە سزای سیخوڕی، حیجابی زۆرەملێ، ڕاگرتنی ئەشکەنجە، سەرکوتی دەرەوەی سنوورەکان دژی چالاکان و ڕۆژنامەنووسان و لابردنی هەڵاواردن دژی نەتەوەکان و کەمینە ئایینییەکان کراوە.
بڕیارە ئەم ڕەشنووسە لە مانگی دێسامبری ٢٠٢٦دا لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگی کۆتایی لەسەر بدرێت.