کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئازەربایجان ڕێگای هەناردەکردنی ڕێژیمی ئێران بۆ ڕووسیەی داخست

12:44 - 17 رەزبەر 2721

"ڕەحیم وەهاب زادە" جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی هاوبەشی ڕێژیمی ئێران و ئازەربایجان وتی: "سنووری زەوینی بۆ هەناردەکردنی ئێران بۆ ڕووسیە لەلایەن دوو وڵاتی ئازەربایجان و گورجستانەوە لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو بووەتەوە".

"وەهاب زادە" ڕۆژی هەینی ١٦ی ڕەزبەر لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد: "دەبێ لە ڕێگای دەریای خەزەر بە کەشتی بۆ ڕووسیە هەناردەکردنمان هەبێت" و ئیدعای ئەوەی کرد کە ئازەربایجانییەکان بابەتە سیاسییەکان تێکەڵی بابەتە ئابوورییەکان ناکەن.

لەو نێوانەدا تورکیەش سنوورەکانی خۆی لەگەڵ ڕێژیمی ئیران داخستووە.

"ئوزجان ئاڵاش" سەرۆکی ئەنجومەنی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی تورکیە وتوویەتی کە لە دژکردەوە بە هەوڵی دوایی ڕێژیمی ئێران سنوورە زەوینییەکانی خۆیان لەگەڵ ئێران داخستووە.

ڕێژیمی ئێران پێشتر قەدەغەکردنی هاتوچۆی کامیۆنە بارهەڵگرەکانی تورکیەی ڕاگەیاندبوو.

"ئاڵاش" ڕایگەیاندووە، گەشتوگوزاری ئابووریی نێوان ئێران و تورکیە بەهۆی بارودۆخی ئاڵۆز لە سنوورەکانی ئێران لەگەڵ ئازەربایجان ڕاگیراوە.

هەروەها لە حەوتووی ڕابردوودا وڵاتی گورجستانیش سنوورە زەوینییەکانی لەسەر کامیۆنە بارهەڵگرەکانی ئێرانییەکان داخست.