
ڕێژیمی ئێران و عەرەبستان کە بە نێوبژیوانیی عێراق لە هەوڵی ئەوەدان کە کێشە و گرژییەکانی خۆیان چارەسەر بکەن و پێوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە، لە ئێستادا بەهۆی کێشەی زۆرەوە دانیشتنەکانییان ڕاوەستاوە.
ڕێژیمی ئێران و عەرەبستان لە ئەساسدا کێشەیەکی زۆریان هەیە کە گرینگترینیان ڕەکابەریی ناوچەیی و هەوڵ بۆ زاڵبوون بەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە.
ئیدیعای ڕێبەریکردنی جیهانی ئیسلام، ڕەکابەریی شیعە و سونە و گرژیی ئیدئۆلۆژیک لەو کێشە بنەڕەتییانەن کە ئەو دوو وڵاتەی کردووەتە دوو بەرەی لێکدژ.
هەروەها کێشە نێوخۆییەکانی یەمەن و لوبنان بووەتە هۆی ئەوەیکە ئەو دوو وڵاتە ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە و هەڵوێستی دژ بە یەک بگرن.
ڕێژیمی ئێران و عەربستان هەروەها یەکتر بە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچە تۆمەتبار دەکەن.
پەیوەندیی دیپلۆماتیکی ئێران و عەربستان لە ساڵی ٢٠١٦ بەهۆی هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی عەرەبستان لە تاران و کۆنسولگەرییەکەی لە مەشهەد پچڕا و لەو کاتەوە لەلایەن وڵاتانی ناوچەکە هەوڵ بۆ ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانیان دەدرێت کە هەتا ئێستا ئاکامێکی نەبووە.