چوار ڕێکخراو و ناوەندی سەربەخۆی کرێکاری و خانەنشینان لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا، کارەساتی وەرگەڕانی ئوتوبووسی کرێکارانی شیرکەتی "ئێنجیئێڵ ٣٣٠٠"ـی دێهلۆڕانیان بە دەرەنجامی بەردەوامیی کەمتەرخەمی و دۆخی ناپارێزراویی شوێنی کار و ڕێگاوبانەکان ناو برد و جەختیان لەسەر پێکهێنانی ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان بۆ چاوەدێریکردنی سەلامەتیی کرێکاران کردەوە.
هەر یەک لە سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری حەفتتەپە، کۆمیتەی هاواهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، کرێکارانی خانەنشینی خووزستان و گرووپی یەکیەتیی خانەنشینان، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر، کاردانەوەیان بەرانبەر بە ڕووداوەکەی شەوی شەممە ٢٣ی خەزەڵوەر لە ڕێگای نێوان دەشتعەباس بۆ موورمووری لە پارێزگای ئیلام نیشان دا کە تێیدا ١٣ ئەندازیار و کرێکاری لاو و لێهاتوو گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەمجارەش دووبارەبوونەوەی کارەسات لە ئەڕابەی مەرگدا لەژێر ناوی ئوتوبووسی گواستنەوەی کارمەندان ڕووی دا و ١٣ بنەماڵەی خستە ماتەمینیی ڕۆڵە و سەرچاوەی بژێوییەکانیان."
ئەم چوار ناوەندە ئاماژەیان بەوە کردووە کە نابێت ئەم ڕووداوە تەنیا وەک کارەساتێکی تاکەکەسی سەیر بکرێت، بەڵکوو ڕیشەی لە بێبایەخیی ژیانی چینی زەحمەتکێش لای دەسەڵات و تەرخاننەکردنی بودجەی پێویست بۆ پاراستنی سەلامەتیی ڕێگاوبان، ناوەندە پیشەسازییەکان و کەرەستەکانی گواستنەوەدایە.
لەم ڕاگەیەندراوەدا بە پشتبەستن بە ئامارە فەرمییەکان، ئاشکرا کراوە کە تەنیا لە ساڵی ١٤٠٤ـدا زیاتر لە ٣٦ هەزار کرێکار لە ڕووداوەکانی کاردا بریندار بوون و لانیکەم هەزار و ٢٧٠ کرێکاریش گیانیان لەدەست داوە.
لە کۆتاییدا، ڕێکخراوە کرێکارییەکان جەختیان کردووەتەوە کە تەنیا تەرخانکردنی بودجە بەس نییە، بەڵکوو دەبێت کرێکاران مافی ڕێکخستنی سەربەخۆیان هەبێت تاکوو لە ڕێگەی هێزی بەکۆمەڵی خۆیانەوە خاوەنکار و دەوڵەت ناچار بکەن ستانداردەکانی سەلامەتیی کار و ژیان جێبەجێ بکەن.