دادگای باڵای تاوانەکانی بەحرەین، لە پرۆسەیەکی دادگاییکردنی بەکۆمەڵدا، سزای بەندکرانی هەتاهەتایی بەسەر ٦٤ هاووڵاتیی شیعەمەزهەبی ئەو وڵاتەدا سەپاند کە پەیوەندییان بە تۆڕەکانی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە هەبووە.
دامەزراوەی "ماف و دێموکراسیی بەحرەین" لە لەندەن بڵاوی کردەوە کە لەنێو سزادراواندا ٥٧ مەلا و کەسایەتیی ئایینی هەن و پێنج تۆمەتباری دیکەش سزای ١٥ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێنراوە.
لە کۆی گشتیی تۆمەتباران، ٥٦ کەسیان لە بەندیخانەدان و ١٣ مەلاش بە شێوەی غیابی دادگایی کراون.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم کەسانە بە تۆمەتی "پێکهێنانی گرووپێکی تێرۆریستی بە مەبەستی ڕووخاندنی سیستەمی حوکمڕانی و پەرەپێدانی بیری ویلایەتی فەقیهی ئێران" لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی مزگەوت و کۆڕە ئایینییەکانەوە تاوانبار کراون.
دەزگا ئەمنییەتییەکانی بەحرەین پێشتر لە مانگی مەی ئەمساڵدا هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوێکی سەر بە سپای پاسداران و دەسبەسەرکردنی ٤١ کەسیان ڕاگەیاندبوو کە ئەندامەکانی لە ئێران ڕاهێنانیان پێ کرابوو.
لە دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامی، دەوڵەتی بەحرەین هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی شانە نوستووەکان دەست پێ کردووە و سەدان کەسی بە تۆمەتی سیخوڕی، تێرۆریزم و پەیوەندیی نهێنی لەگەڵ سپای پاسداران دەسبەسەر کردووە و ڕەگەزنامەی بەشێکیانی هەڵوەشاندووەتەوە.