کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرانسە بەهۆی هێرشی سایبێریی سپای پاسدارانەوە، داوای سزای نوێی ئورووپا دژی ئێران دەکات

15:30 - 25 خەزەڵوەر 2726

وەزیری دەرەوەی فەرانسە بەڵگەکانی دەست تێدابوونی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی لە هێرشە سایبێرییە تێکدەرەکان بۆ سەر کەرتی خۆراک و ساردکەرەوەکانی ئەو وڵاتە، پێشکەش بە یەکیەتیی ئورووپا کرد و داوای سەپاندنی سزای نوێی کرد.

ژان نۆئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرانسە لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا لە برووکسێل ڕایگەیاند کە پاریس بەڵگەی حاشاهەڵنەگری لەسەر ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە سایبێرییە گەورەیە کۆ کردووەتەوە و ئامانجیان ئەوەیە لە ماوەی یەک مانگدا لیستێک لە کەسایەتی و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی کۆماری ئیسلامی بخەنە نێو لیستی سزاکانەوە.

ناوبراو وتی کە دڵنیایە سزا دژی بکەرانی ئەو هێرشە سایبێرییە لە ١٤ی دێسامبر پەسەند دەکرێت.

دادستانی پاریس پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لە هێرشە سایبێرییەکەی مانگی ڕابردوودا بۆ سەر نزیکەی ٧٠٠ سیستمی ساردکەرەوە، کارگەی خۆراک و کوشتارگەکان لە فەرانسە، کە بووە هۆی لەنێوچوونی کەرەستەی خۆراکی و ١٥ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە، یەکەی سایبێریی " کاوە" سەر بە سپای پاسداران دەستی هەبووە.

دادستانی پاریس داوای دەرکردنی بڕیاری دەسبەسەرکردنی نێودەوڵەتیی بۆ فەرماندەی ئەم یەکەیە و دوو بەرپرسی دیکەی دەرکردووە.

جگە لە فەرانسە، وڵاتانی وەک بێلژیک، ئاڵمان، ئێسپانیا، پۆرتغاڵ و لەهستانیش لەم هێرشانە زیانیان بەرکەوتووە.

دەوڵەتی بێلژیکیش پێشتر هۆشداریی داوە کە ئێران لە پشت هێرشە هاوشێوەکانی ئەو وڵاتەوەیە.