کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاستی بازرگانیی ئاڵمان لەگەڵ ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە

18:53 - 5 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: بە هۆی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، بازرگانیی شیرکەتەکانی ئاڵمان لەگەڵ ئێران به شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

"فۆلکێر تریر"، بەرپرسی بازرگانیی دەرەوەی ئاڵمان، باسی لەوە کردووە کە نێونجی هەناردەکردنی ساڵانەی ئاڵمان بۆ ئێران لە وەرزی یەکەمی ئەمساڵدا، ٥٠ لەسەد دابەزیوە و هاوکات هەناردەکردنی ئێران بۆ ئاڵمان ٤٢ لەسەد کەم بووەتەوە.

ناوبراو وتی: "لە ١٢٠ شیرکەتی ئاڵمانی کە لە وڵاتی ئێراندا چالاکییان هەبووە، تەنیا ٦٠ شیرکەت لەو وڵاتەدا ماونەتەوە."

"فۆلکێر تریر"، هەروەها باسی لەوە کرد کە کاریگەریی گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر پەیوەندییە ئابوورییەکان، وەکوو قەدەغەکردنی تەواوی ئاڵوگۆڕە بازگانییەکانە، چونکە بەشی ماڵی دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بە هاتنەدەرەوە لە ڕێککەوتننامەی بەرجام لە ساڵی ڕابردوودا، فەرمانی وەگەڕخستنەوەی گەمارۆکانی دژ بە ڕێژیمی ئێرانی دا.

وڵاتانی ئاڵمان، فەرانسە و بریتانیا، بەڵێنییان دابوو کە هەوڵ بۆ پشتیوانی لە بەرجام دەدەن و بۆ ئەم مەبەستە ڕێکارێکی ماڵییان بە ناوی ''ئینس تێکس'' وەگەڕ خستبوو تا کۆمپانیا ئورووپاییەکان بتوانن گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا دەور لێدەنەوە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، باس لە ناکارامەیی و بێ کفایەتیی ئەو ڕێکارە ماڵییە بۆ ڕاگرتنی بەرجام و هاندانی کۆمپانیا ئورووپاییەکان بۆ بازرگانی لەگەڵ ئێراندا دەکەن.