کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاستی هەناردەکردنی ئێران بۆ چین بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە

11:17 - 3 خەزەڵوەر 2719

کورستان میدیا: ئامارە نوێیەکانی گومرۆگی چین نیشان دەدات کە هەناردەکردنی ئێران بۆ وڵاتی چین لە مانگی ڕابردوودا بەنیسبەت ساڵەکانی پێشتر، گەیشتووەتە کەمترین ئاستی خۆی.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، ئێران لە مانگی سێپتامبری ساڵی ٢٠١٩وە بەگشتی ٨٢٣ ملیۆن دۆلار هەناردەکردنی نەوتی و غەیرەنەوتیی بۆ وڵاتی چین هەبووە کە بەنیسبەت سێپتامبری ساڵی ڕابردوو، نیوە بووەتەوە.

چین کە گەورەترین شەریکی بازرگانیی ئێرانە، هەر لەم مانگەدا بەگشتی ٨٤٣ ملیۆن دولاری هەناردەکردنی بۆ ئێران هەبووە، بەم شێوەیە ئاستی بازرگانیی ئەم دوو وڵاتە لەم مانگەدا بە قازانجی چین بووە.

لە ساڵانی ڕابردوودا، ئاستی بازرگانیی ئەم دوو وڵاتە بە شێوەیەکی بەرچاو بە قازانجی ئێران بووە، چونکە چین گەورەترین کڕیاری نەوتی ڕێژیمی ئێران بووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، پێش گەمارۆکانی ئامریکا، هەناردەکردنی ڕۆژانەی نەوتی ئێران بۆ چین ٧٠٠ هەزار بەرمیل بووە، بەڵام لە دوای گەمارۆکانەوە، هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە مانگی ڕابردوودا بۆ ژێر ٢٠٠ هەزار بەرمیل دابەزیوە.

هەوڵەکانی ئامریکا بووەتە هۆی ئەوەی کە ئاستی بازرگانی لە نێوان ئێران و چیندا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێت.

هەر لەم پەیوەندییەدا ئامریکا سەرەڕای ئەوەی کە لێخۆشبوونەکانی کڕینی نەوتی لە ئێران درێژ نەکردەوە، ئەمساڵ چەندین شیرکەتی چینیی بەهۆی پێشێلکردنی گەمارۆوە نەوتییەکانی ئامریکا لە دژی ئێران، تەحریم کردووە.