کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاسەوارە مێژوویییەکان لە نێو دەچن

13:53 - 15 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا:  بە هۆی بارینی باران و هاتنی لافاو، ئاسەوارە مێژوویییەکانی کوردستان مەترسییان لەسەرە و بەشێکیشیان لە نێو چوونە.

سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیم خۆی هیچ کارێک بۆ پاراستنی شوێنەوارە مێژوویییەکان ناکات، بەڵکوو به شێوەی سیستماتیکیش ئەو ئاسەوارانە لە نێو دەبات.

لەو پێوەندیییەدا، پردی مێژوویی "کەلهوڕ" مەترسی داڕمانی لە سەرە، کە لە سەردەمی دەسەڵاتداریی حەسەنووییەکان کە کورد بوونە، دروست کراوە.

لە پارێزگای ئیلامیش، هاتنی لافاو شوێنە مێژوویییەکانی گرتووەتەوە و بەشێکی زۆری ئاسەوارە مێژوویییەکان لەگەڵ لافاو لەژێر خاک دەرکەوتوون.

ستادی قەیرانەکانی ڕێژیم، بۆ پاراستنی شوێنەوارە مێژوویییەکان و پێشگرتن لە لافاو لەو شوێنانەدا تەلیسی پڕ لە گڵی کردووەتە بەربەست بۆ پێشگرتن لە دزەکردنی ئاو بۆ نێو عەمارەتی "سالار سەعید" ناسراو بە "مۆزەخانەی سنە" و گوایە بەم شێوەیە میراتی کەلتووریی ئەو شارەی پاراستووە.

بە هۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم و ئیدارە تایبەتەکان بە پاراستنی ئاسەوارە مێژوویییەکان وەک ڕێکخراوی میراتی فەرهەنگی، زۆربەی شوێن و ئاسەوارە مێژوویییەکان ئەگەری لەنێوچوونی جیددیان لەسەرە و بەرپرسانی ڕێژیمیش هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەریی ئەو کێشە هەڵ ناگرن.

زۆربەی ئاسەوارە مێژوویییەکان لە کوردستاندا، لە لایەن کەسان و مۆرەکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە تاڵان دەکرێت و سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، یەکێک لە سەرەکیترین مافیای بازرگانیی  ئاسەوارە مێژوویییەکانه.

کارناسانی ئاسەوارناسی لەو باوەڕەدان، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، هەتا ئێستا نەک هیچ هەنگاوێکیان لەمەڕ پاراستنی ئاسەوارە مێژوویییەکان لە پێش نەگرتووە، بەڵکوو خۆیان بەشێک لە هۆکاری ڕووخان و لەنێوچوونی ئەو ئاسەوارانەن.