کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئالبانی دوو دیپلۆماتی ئێرانی دەر کرد

11:10 - 26 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: دەوڵەتی ئالبانی دوو دیپلۆماتی ڕێژیمی ئێرانی بە تۆمەتی ئەنجامدانی هەوڵگەلێک لە پەیوەندی لەگەڵ تێرۆریزم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئورووپا، دەر کرد.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی بەفرانبار، دەوڵەتی ئالبانی ڕایگەیاند، دوو دیپلۆماتی بە ناوەکانی ''ئەحمەد حوسێنی ئەلست'' و ''محەممەدعەلی ئەرز پەیمان مەتی''، بە تۆمەتی ئەنجامدانی هەوڵگەلێک لە پەیوەندی لەگەڵ تێرۆریزم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئورووپا، دەر کرد.

''گێنت ساکاین''، سەپەرەستی وەزارەتی دەرەوەی ئالبانی ڕاگەیاند، ئەم دوو کەسە بە زووترین کات خاکی ئەم وڵاتە بەجێ بهێڵن.

ئەم دوو کەسە بۆهۆی ئەنجامدانی هەوڵگەلێک لە پەیوەندی لەگەڵ تێرۆریزم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئورووپا کە ئەمنییەتی میللیی ئالبانیی لە مەترسی خستووە، دەر کراون.

پێشتریش، دەوڵەتی ئالبانی لە سەرماوەزی ساڵی ٩٧ی هەتاوی، باڵوێزێک و دیپلۆماتێکی ئێرانیی بە تۆمەتی ئەنجامدانی هەوڵی نایاسایی کە ئەمنییەتی میللیی ئەو وڵاتەی تووشی مەترسی کردبوو، دەر کردبوو.

پۆلیسی ئالبانی سەرەتای ئەمساڵیش ڕایگەیاندبوو، پیلانی تۆڕێکی میلیشایی ئێرانی ئاشکرا کردووە کە لە هەوڵی ئەوەدا بوون هێرشێکی بەرنامەداڕێژراو لەو وڵاتەدا ئەنجام بدەن.

وڵاتانی "فەرانسە، دانمارک، هۆلەند، ئاڵمان، بێلژیک و سوئێد" ڕێژیمی ئێرانیان بەوە تۆمەتبار کرد کە لە ڕێگای بەناو مەئموورانی دیپلۆماتیک و ئەمنییەتییەکانی خۆی، دژی دژبەرانی پیلانی جێبەجێ کردووە.