کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری تووشبووان بە کۆرۆنا لە کوردستان بەردەوام بەرز دەبێتەوە

12:19 - 11 بانەمەڕ 2720

لە پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات ئاماری تووشبووان و قوربانییانی کۆرۆنا بەردەوام  بەرز دبێتەوە و ناوەندە دەرمانییەکانی ڕێژیمی ئێران بەنیسبەت بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبووان بە کۆرۆنا هۆشداریان داوە.

بەرپرسانی ناوەندە دەرمانییەکان لە کوردستان باسیان لەوە کردووە هۆکاری بەرزبوونەوەی تووشبووان بە کۆرۆنا بۆ قەرەباڵغیی شارەکان دەگەڕێتەوە.

لە دوای ئەوەیکە قەدەغەی هاتوچۆ لە شارەکان بە بڕیاری "حەسەن ڕووحانی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لابردرا و کاری ئاسایی دەستی پێکردەوە؛ ڕێژەی تووشبووان بە کۆرۆنا لە کوردستان و ئێراندا بەرز بووەتەوە.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران بە چەواشەکاریی باس لەوە دەکەن دۆخی پارێزگاکان ئاساییە و هیچ مەترسییەک لە سەر کۆرۆنا نەماوە.

سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە کۆبوونەوە لەگەڵ ستادی بەرەنگاربوونەوە دژی کۆرۆنا وتی؛ ڤایرۆسی کۆرۆنا وەکوو وڵاتێکی زلهێزە ئەگەر لێی بترسێین ڕوودار دەبێت و بە گاڵتە باسی ئەو نەخۆشییەی دەکرد.

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا لە ئێران و کوردستاندا کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ پێشگرتن لەو نەخۆشییە تەنیا چەواشەکارییان کرد.

سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکیی ورمێ بەنیسبەت بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە باسی لەوە کردبوو کایە بە گیانی هاووڵاتییان مەکەن.