کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری قوربانییانی کۆرۆنا لە کوردستان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە

18:31 - 20 بانەمەڕ 2720

بەڕێوەبەرانی زانکۆی زانستی پزیشکیی پارێزگاکان، دوایین ئاماری قوربانییانی کۆرۆنایان لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو لە پارێزگاکانی کوردستان بڵاو کردەوە.

ئامارەکان بەم چەشنەیە:

پارێزگای سنە:

لە پارێزگای سنە ئاماری گشتیی تووشبووان ١٧٦٨ کەس ڕاگەیاندراوە، تا ئێستا ١٢٨ کەس گیانیان لەدەست داوە و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٢٣ حاڵەتی دیکە وڵامی تاقیکارییەکەیان ئەرێنی بووە.

پارێزگای ورمێ:

لە پارێزگای ورمێ بەگشتی ٣٢١٣ تووشبوو ڕاگەیندراوە و لەو ئامارەش تا ١٦ی بانەمەڕ ١٧٤ کەس گیانیان لەدەست داوە و ٧٣ تووشبووی نوێ لە ماوەی شەو و ڕۆژی ڕابردوودا تۆمار کراوە.

پارێزگای ئیلام:

لە پارێزگای ئیلام ئاماری گشتیی تووشبووان ٥٩٨ حاڵەت ڕاگەیەندراوە و ٥٤ کەس گیانیان لەدەست داوە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٢٢ تووشبووی نوێ تۆمار کراوە.

پارێزگای کرماشان:

ئاماری گشتیی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پارێزگای کرماشان ١٨٣٧ کەس ڕاگەیەندراوە، ٨٢ کەس لەو پارێزگایە بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە گیانیان لەدەست داوە و لە شەو و ڕۆژی ڕابردوودا ٩١ کەسی تازە تووشبوو ڕاگەیەندراوە.

هەروەها لە شارەکانی ئیلام و دیواندەرە بەهۆی بڵاوبوونەوەی خێرا و بەربڵاوی ڤایرۆسی کۆرۆنا دۆخی سوور ڕاگەیەندراوە.

ڕاگەیاندنی ئەو ئامارانە لە حاڵێکدایە کە پێشتر ئەندامانی شورای شاری تاران ڕایانگەیاندبوو کە ئاماری تووشبووان بە کۆرۆنا زۆر زیاتر لە ئاماری فەرمییە کە وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم ڕایدەگەیەنێت.

هەروەها ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندبوو کە ئاماری ڕاستەقینەی قوربانییان دوو بەرابەر و ئاماری تووشبووان لە نێوان ٨ هەتا ١٠ بەرابەر لە ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم زیاترە.