کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیدارەی کارەبای ڕێژیم کارەبای چەند گەڕەکێکی شاری سەقزی پچڕاندووە

14:02 - 24 خەزەڵوەر 2726

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئیدارەی کارەبای شاری سەقز، کارەبای چەند گەڕەکێکی شاری سەقزی بە تەواوی پچڕاندووە و کاروباری ئیداریی چەندین ناوەند و ئیدارە ڕاگیراوە و کارەکانی خەڵک پەکیان کەوتووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتوون، لە چەند گەڕەکێکی شاری سەقز و بلواری ئینقلابی ئەو شارەدا، کارەبایان لەسەر خەڵک پچڕاندووە و خەڵک تووشی ئاستەنگی زۆر بوونەتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانە، کارمەندەکان ناتوانن بانک و ئیدارەکان بکەنەوە چونکە دەرگاکانیان بە ڕیموۆت کۆنتڕۆڵ دەکرێنەوە و هەتا ئێستەش ئەو کێشەیە بەردەوامە.

شایانی باسە هەتا ئێستا ئیدارەی پێوەندیدار هۆکاری پچڕانی کارەبای بۆ خەڵکی ئەو گەڕەکانە ڕوون نەکردووەتەوە.

پچڕانی کارەبا لە کوردستان لەکاتێکدایە کە ئێران لە بواری سامانە سروشتی و سەرچاوەی ئاوییەکانەوە بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی جیهان لە قەڵەم دەدرێت، بەڵام بەهۆی ناکارامیی بەڕێوەبەرانی ڕێژیمەوە دەیان قەیرانی لەو چەشنە بەرۆکی خەڵکی گرتووە.