ڕۆژی هەینی ٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی هەتاوی، خاتوو فاتمە حەسەنزادە، تێکۆشەر، نیشتمانپەروەر و دۆستی بەئەمەگی حیزبی دێموكراتی كوردستان ئێران و خەڵكی ئاوایی گۆڵێ سەر بە شاری ڕەبەت، بەهۆی نەخۆشییەوە، کۆچی دوایی کرد.
خاتوو فاتمە ژنێکی خەمخۆر و بەوەفا بەرانبەر بە حیزبی دێموکرات بوو کە سەرەڕای نیشتمانپەروەرییەکەی، چەندین کەس لە ئەندامانی بنەماڵە و خزم و کەسوکاری لە ڕێگای ڕزگاریی کوردستاندا شەهید بوون.
ناوبراو كچی شەهید عەوڵای مام حەسەن، برازای شەهید عەباس حەسەنزادە، ئامۆزای شەهید حەسەن حەسەنزادە و خوشكی خۆالێخۆشبوو خدری حەسەنزادەیە.
لە ساڵەكانی ٤٦ ـــ ٤٧ دا كە كادر و پێشمەرگەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بەسەختی لەلایەن ساواک و جاش و ژاندارمەكانی ڕێژیمی شاوە گەمارۆ دەدران، فاتمەخان وێڕای شەهید عەوڵای بابی لەنێو گوندی گۆڵێ و مووچەكانیان لە بناری كێوی تەرخان و كانییەبەرد ببوونە فریادڕەسیان و ماڵ و حاڵی خۆیان كردبووە شوێنی حەوانەوەی تێکۆشەرانی حیزبی.
ئەو ژنە دڵسۆز و خەمخۆرە هەتا دوایین هەناسەکانی ژیانی بە ڕێبازی پڕسەروەریی حیزبی دێموکرات و شەهیدانی کوردستان وەفادار مایەوە و ڕزگاریی کوردستان گەورەترین ئاواتی بوو کە بەداخەوە بەو ئاواتەشەوە سەری نایەوە.
تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی شاری ڕەبەتدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.