هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە جموجۆڵە ئەتۆمییەکانی تاران، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداریی توند دەداتە ڕێژیمی ئێران و داوای پێکهێنانی حکوومەتێکی یەکگرتووی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یەکلاکەرەوەی ئەو هەڕەشەیە دەکات.
بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی شەممە ٢٣ی خەزەڵوەر لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، سەبارەت بە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ زیندووکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی هۆشداریی دا و جەختی کردەوە کە ئیسرائیل دەبێت بۆ پێشگرتن لە دەستڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بە چەکی ئەتۆمی، هەموو ڕێکارێکی پێویست بگرێتە بەر و ئەم هەڕەشەیە "بۆ یەکجار و بۆ هەمیشە" لەنێو ببات.
نێتانیاهوو بە ئاماژەدان بە سەرکوتی خوێناویی ناڕازییان لە ئێراندا نووسیویەتی: "ئەم ڕێژیمە تاوانبارە کە لە کوشتنی هەزاران کەس لە خەڵکی خۆی سڵی نەکردووەتەوە، لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دژی ئێمەش دوودڵ نابێت."
ناوبراو بە ئاماژەدان بە هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە جۆزەردان و ڕەشەمەی ١٤٠٤دا، ڕایگەیاند کە پێویستە وەک چۆن لەو دوو ئۆپەراسیۆنەدا مەترسیی دەستبەجێی لەنێوچوونی ئیسرائیلیان دوور خستەوە، ئێستاش بە تەواوی کۆتایی بەم هەڕەشەیە بهێنن.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی وەک هۆکارێکی سەرەکی بۆ پێویستیی پێکهێنانی "دەوڵەتی یەکگرتووی نیشتمانی" ناو برد و داوای لە "گادی ئایزنکۆت"، ڕاسپێردراوی پێکهێنانی کابینەی نوێ کرد کە ناکۆکییە سیاسییەکان وەلا بنێن و بەبێ مەرجی پێشوەختە بۆ پاراستنی ئەمنییەتی ئیسرائیل بگەنە ڕێککەوتن.