کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاماری قوربانییانی کۆرۆنا لە ئێران ڕێکۆردی شکاند

10:55 - 12 خەزەڵوەر 2720

ڕێژەی قوربانییانی کۆرۆنا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٤٣٤ کەسی تێپەڕاند و ڕێژەی قوربانییان لە یەک شەو و ڕۆژدا بەنسیبەت ڕۆژانی ڕابردووەوە ڕێکۆردی نوێی تۆمار کردووە.

لە کاتێکدا ئامارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران باس لە ڕێکۆردێکی نوێ لە قوربانییانی کۆرۆنا دەکەن کە بەرپرسانی باڵای وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم لە ڕاستیی ئەو ئامارانە بەگومانن و دۆخی کۆرۆنایان لە ئێران بە "مەرگی کارەساتبار" وەسف کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی "ڕوویتێرز"، ڕێکەوتی ١١ی خەزەڵوەر وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران ئاماری قوربانییانی کۆرۆنای بڵاو کردووەتەوە و بەپێی ئەو ئامارە ئاماری گشتیی قوربانییانی کۆرۆنا هەتا ئێستا ٣٥ هەزار و ٢٩٨ کەس بووە.

هاوکات "ڕوویتێرز" لە ڕاپۆرتی خۆیدا باسی لەوە کردووە: "سەرۆکی ڕێکخراوی پزیشکیی ئێران بە گومانەوە ئەو ئامارەی بڵاو کردووەتەوە و وتوویەتی ڕێژەی قوربانییانی کۆرۆنا لە ئێران کارەساتبارە و بەپێی ئاماری مەیدانیی ڕێکخراوەکەمان لە نەخۆشخانە و گۆڕستانەکان لانیکەم ڕێژەی قوربانییان سێ بەرابەری ئاماری گشتیی ڕاگەیەندراوی فەرمیی حکوومەتە".