لە درێژەی سیاسەتی سەرکوت و دەرکردنی سزای مەرگ بۆ دژبەران و خۆپیشاندەران، دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامی، سزای سێدارەی بەسەر سێ دەسبەسەرکراوی دیکەی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا سەپاند.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری هەواڵدەریی "هێرانا"، سێ هاووڵاتیی ناڕازی بە ناوەکانی "حوسێن پەروین"، "ئەمیرحوسێن غوڵامشاهی" و "حوسێن جەعفەری" کە ئێستا لە بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج ڕاگیراون، لە دۆسییەیەکی هاوبەشدا لەلایەن لقی ٢٣ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە تۆمەتی :ئەنجامدانی کاری کردەیی بۆ ئیسرائیل" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە.
ئەم سێ کەسە هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ دەسبەسەر کرابوون و سەرەتا بۆ بەندیخانەی تارانی گەورە و پاشان لە هاوینی ئەمساڵدا بۆ بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج گوازرابوونەوە.
تا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر تەمەن، پێشینە، ڕەوتی دادگاییکردن و دۆخی ئەم سێ بەندکراوە بڵاو نەکراوەتەوە.
سەپاندنی ئەم سزایانە لەکاتێکدایە کە بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، تا ئێستا لانیکەم ١٢١ کەس لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ سزای سێدارەیان بۆ دەرچووە.
هەروەها لە ڕەشەمەی ١٤٠٤ تا خەزەڵوەری ١٤٠٥، لانیکەم ٧٤ بەندکراوی سیاسی و ناڕازی لەسێدارە دراون کە ٣٩ کەسیان لە خۆپیشاندەرانی بەفرانبار و دوو کەسیشیان لە ناڕازییانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بوون.
لە بەرانبەردا، بەرپرسان و ناوەندە جیاوازەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەوانە سەرۆککۆمار، وەزارەتی دەرەوە و ئەندامانی کۆنگرێس، بەکارهێنانی سزای سێدارە، دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و دادگاییکردنە نمایشییەکانیان وەک ئامرازێک بۆ تۆقاندن و سەرکوتی سیاسی شەرمەزار کردووە و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی لەسێدارەدانەکان و دادگاییکردنی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیان بە تاوانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ کردووە.