کوردستان میدیا

سێشەممه 8ی رەزبەر 2720
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریكا پاره‌ بۆ پشتیوانی له‌ كه‌مینه‌ ئایینی و نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان دیاری ده‌كا

12:05 - 22 رێبەندان 2719

له‌ بوودجه‌ی پێشنیاریی ده‌وڵه‌تی "دانڵد ترامپ"دا كه‌ ڕۆژی ٢١ی ڕێبه‌ندان بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، پاره‌یه‌كی دیار بۆ دژایه‌تیی كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانی ڕێژیمی ئێران پێشنیار كراوه‌.

ڕۆژی ٢١ی ڕێبه‌ندان بوودجه‌ی ساڵی داهاتووی ئامریكا كه‌ به‌پێی نه‌ریتی ئه‌و وڵاته‌ به‌ بوودجه‌ی ٢٠٢١ ناو براوه‌، وێڕای به‌رنامه‌ پێشنیاری و ستراتژیكه‌كانی ئامریكا بۆ جیهان و ناوچه‌كه‌، به‌شێكی تایبه‌ت بۆ دژایه‌تیی کاریگەرییە خراپه‌كانی ڕێژیمی ئێران ته‌رخان كراوه‌.

بوودجه‌ی ئامریكا كه‌ له‌ لایه‌ن ئیداره‌ی "ترامپ"ـه‌وه‌ پێشكه‌شی كۆنگره‌ی ئامریكا كراوه‌، له‌گه‌ڵ پێشنیاركردنی پاره‌ بۆ كار و به‌رنامه‌كانیدا، ده‌رخه‌ری سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تیی ئه‌و وڵاته‌، بۆ ناوچه‌ و جیهانه‌.

له‌م بوودجه‌یه‌ له‌ چه‌ندین به‌شدا پاره‌ی تایبه‌ت و به‌رچاو پێشنیار كراوه‌ كه‌ ئامانجی هه‌موو ئه‌و به‌شانه‌ دژایه‌تیی به‌رنامه‌ خراپه‌كانی ئێران و كۆنتڕۆڵی ئاژاوه‌گێڕییه‌كانی ڕێژیمی ئێرانه‌.

له‌ به‌شێكدا پاره‌ بۆ به‌هێزكردنی هاوپه‌یمانه‌كانی ئامریكا له‌ ناوچه تەرخان‌ كراوه‌ و له‌وێدا ئاماژه‌ به‌ به‌هێزكردنیان له‌به‌رامبه‌ر ئێراندا كراوه‌. هه‌روه‌ها  له‌ به‌شێكی دیكه‌دا پاره‌ و بوودجه‌ی تایبه‌ت بۆ دژبه‌ریی هه‌ڕه‌شه‌كانی تێرۆریزم و به‌تایبه‌ت ئه‌لقاعیده‌ و تێرۆریستانی هاندراوی ئێران ته‌رخان كراوه‌.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌ پشتیوانی له‌ دێموكراسی و پشتیوانی له‌ گرووپه‌ كه‌مینه‌كان و كه‌مینه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان كراوه‌ و بوودجه‌ی تایبه‌ت بۆ به‌رنامه‌ پێوه‌ندیداره‌كان لەمبارەوە پێشنیار كراوه‌.

به‌ كۆی ئه‌و بابه‌تانه‌وه‌ كه‌ له‌ بودجه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئامریكادا ئاماژه‌ به‌و بڕگانه‌ كراوه‌ كه‌ پێوه‌ندییان به‌ دژایه‌تیی ڕێژیمی ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌‌، بوودجه‌یه‌كی ٣٣٧ میلیۆن دۆلاری ده‌گرێته‌ خۆ.

ئه‌م بوودجه‌یه‌ی ئیداره‌ی ترامپ كه‌ بۆ ساڵی داهاتوو پێشنیاری كردووه‌، له‌ هه‌ندێک بڕگه‌دا له‌گه‌ڵ دژبه‌ریی توندی دێموكراته‌كانی كۆنگره‌ی ئامریكا به‌ره‌وڕوو بووەته‌وه‌.