کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا ئاسمانی ئێران بە نائەمن دەزانێت

13:38 - 20 خەرمانان 2718

 کوردستان میدیا: دەوڵەتی ئامریکا هۆشداری بە کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان داوە، کە بۆ فڕین ئاسمانی وڵاتی ئێران بەکار نەهێنن.

نووسینگەی خزمەتگوازرییە ئاسمانییەکانی ئامریکا، کە کاری کۆکردنەوەی زانیاری لە بارەی ئەمنیەتی ئاسمانی وڵاتەکانە، هێڵەکانی فڕێنی ئاسمانی وڵاتی ئێرانی بە نائەمن پێناسەکردووە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ئیدارەی کاروباری فڕین و هەوایی فیدراڵی ئامریکا ڕایگەیاند، کە هەندێک چالاکی نیزامییان لە ئاسمانی ئێران دیوە و ئەگەری هەیە، کە ئەم چالاکییانە لە ڕۆژەکانی داهاتوودا زیاتر ببێت.

هەروەها ئەم نووسینگەیە، بە ئاماژەدان بە خراپتربوونی پێوەندییەکانی نێوان ئەم وڵاتە و ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە: "بە هۆی کرانەوەی ئاسمانی عێراق بۆ فڕین، هەڵبژاردنی زیاتر دەخرێتە بەردەست کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان بۆ فڕینی فڕۆکەکانیان".

زیادبوونی چالاکییە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا، بووەتە هۆی ئەوەی کە دەوڵەتی ئامریکا هۆشداری بە کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان بدات، کە بە هۆی ئەگەری زیاتربوونی چالاکییە نیزامییە ئاسمانییەکانی ڕێژیمی ئێران، بە وریایی زیاترەوە ئاسمانی ئێران بۆ فڕین هەڵببژێرن.

ڕێژیمی ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سنوورەکانی باشووری کوردستانی بەزاندووە و لە ڕێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشی کردووەتە سەر بارەگاکانی حیزبی دێموکراتەوە، کە لەوانەشە لە ڕاستای ئەم کردەوە تێرۆریستییەی ڕێژیمی ئێران بێت، کە بووبێتە هۆی ئەوەی ئاسمانی ئەم وڵاتە لە لایەن ئامریکاوە بە نائەمن پێناسە بکرێت.