کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا بانکێکی کۆرەی باشووری بەهۆی سپیکردنەوەی پارە بۆ ڕێژیمی ئێران سزا دا

12:36 - 2 بانەمەڕ 2720

بەرپرسانی نیۆیۆرک بانکی پیشەیی کۆرەی باشووریان بەهۆی پێوەندی و سپیکردنەوەی پارە بۆ ڕێژیمی ئێران ٣٥ ملیۆن دۆلار جەریمە کرد.

ڕۆژنامەی "والستریت ژورناڵ"، ڕۆژی دووشەممە، ١ی بانەمەر بڵاوی کردەوە، لقێکی بانکی پیشەیی کۆرەی باشوور لە مەنهەتەنی  نیۆیۆرک لە ساڵی ٢٠١٠دا پارەی بۆ ڕێژیمی ئێران سپی کردووەتەوە.

 ئەو ڕۆژنامەیە، بە پشتبەستن بە بەڵگەیەک لە ئیدارەی خزمەتگوزاریی ماڵیی نیۆیۆرک ئیدعا دەکات کە کەسێک بە ناوی'' کۆنت زۆنگ'' لە ساڵی ٢٠١١ زیاتر لە یەک میلیارد دۆلار مامەڵەی نایاسایی لەلایەن تارانەوە لەگەڵ ئەو بانکە ئەنجام داوە.

ئیدارەی خزمەتگوزاریی ماڵیی نیۆیۆرک وتوویەتی کە ئەم بانکە بە تۆمەتی چاوپۆشی لە وەرێخستن و بوونی سیستمیکی گونجاو بۆ چاوەدێری بە سەر مامەڵەکاندا لە ساڵی ٢٠١٠دا، ٣٥ ملیۆن دۆلار جریمە دەکرێت. 

 وەزارەتی دادگوستەریی ئامریکاش وتوویەتی ''زۆنگ'' فاکتۆرەکان، گرێبەستەکان و نوسراوەکانی بۆ فریودانی بانکدارەکانی دیکە، ساختە کردووە.

هەروەها، کاربەدەستانی نیۆیورک ئیدعای ئەوە دەکەن کە بانکی پیشەیی کۆرەی باشوور سەرەڕای هۆشدارییەکان، لە جێگیرکردنی سیستمێکی چاوەدێریی گۆنجاو بۆ پێشگرتن لە سپیکردنەوەی پارە خۆی بواردووە.