کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا جەختی لەسەر پێشگرتن لە پەرەپێدانی سیستمی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران کردووەتەوە

13:01 - 22 رێبەندان 2720

وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە کاردانەوەیەکی نوێدا دژ بە ڕێژیمی ئێران، جەختی کردووەتەوە کە ئامریکا پێش بە پەرەپێدانی سیستەمی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران و گواستنەوەیان بۆ وڵاتانی دیکە دەگرێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بەرانبەر بە دەربڕینەکانی ئێران بەنیسبەت ئامانجی ئەو وڵاتە بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە.

واشنتۆن هەروەها بەنیسبەت هەر چەشنە دانیشتنێکەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران جەختی کردووەتەوە کە پێش ئەنجامدانی هەر هەوڵێک لەگەڵ ئەو وڵاتەدا، لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوپشکەکانی خۆیدا وتووێژ دەکات.

لە نوێترین ناکۆکیدا لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا سەبارەت بە دۆسییەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران، "حەسەن ڕووحانی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاندبوو کە تا پێش گەڕانەوەی ئامریکا بۆ ڕێککەوتنی بەرجام، ئێران بە بەڵێنییەکانی پێبەند نابێت.

ڕۆحانی هەروەها وتوویەتی کە دەوڵەتی ئامریکا هەتا ئێستاش هیچ هەوڵێکی ئەرێنیی لە بەرانبەر ئێراندا نەگرتووەتە بەر.

لەلایەکی دیکەشەوە "عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، وتبووی کە ئەگەر ئامریکا دەیهەوێت ئێران بە بەڵێنییەکانی پێبەند بێت، دەبێ سەرجەم گەمارۆکان لەسەر ئێران هەڵگرن.

لەبەرانبەردا "جۆ بایدێن" سەرکۆماری ئامریکا، قسەکانی ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانی قبووڵ نەکردبوو و جەختی کردبووەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا هەنگاوی یەکەم لەو پێناوەدا هەڵناگرێت.