کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا خوازیاری مەحکوومکردنی کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران لە یەمەنە

10:37 - 29 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، خوازیاری ئەوەیە کە شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بڕیارنامەیەکی نوێدا لە پێوەندیی لەگەڵ یەمەن، کار و کردەوەکانی رێژیمی ئێران مەحکووم بکات.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕۆژی ٢٩ی سەرماوەز، لە هەواڵێکدا، بە وتەی هێندێ دیپلۆمات کە ناوەکانیان ئاشکرا نەبووە، باسی لەوە کردووە، ئامریکا خوازیاری ئەوە بووە، کە لە ڕەشنووسی بڕیارنامەی شۆرای ئەمنییەتدا، لە پێوەندیی لەگەڵ ئاگربەس لە حەدیدە، ڕێژیمی ئێران مەحکووم بکرێت، بەڵام ڕووسیە کە یەکێک لە ئەندامانی شۆرای ئەمنییەتە و مافی "ڤێتۆ"ی هەیە، ئەم داواکارییەی ئامریکای ڕەت کردووەتەوە.

حووسییەکانی یەمەن کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانن و دەوڵەتی "عەبد ڕەبە مەنسوور" کە وڵاتی عەرەبستان پشتیوانی لێ دەکات، ڕۆژی پێنجشەممە، لەسەر ئاگربەس لە بەندەری حەدیدە ڕێک کەوتن، گرنگیی ئەم ئاگربەسە بە هۆی ئەوەیە کە بەندەری حەدیدە لە یارمەتیگەیاندن بە یەمەن دەوڕێکی سەرەکی دەگێڕێت.

ئامریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی خۆی لە ناوچەکە، چەندین جار لە کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران لە یەمەن ڕەخنەی گرتووە و نیکی هێلی باڵوێزی ئامریکا لە ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێژیمی ئێرانی بە هۆکاری قەیرانی یەمەن ناو بردووە.

ئەم داواکارییەی ئامریکا لە حاڵێکدایە، کە ڕێژیمی ئێران ئەم تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە و بەپێچەوانە ئامریکا و هاوپەیمانەکانی بەتایبەت عەرەبستان بە وەها کارگەلێک تۆمەتبار دەکات، بەڵام ئەمە لە کاتێكدایە کە چەندین جار پارچەی مووشەکە سازکراوەکانی ڕێژیمی ئێران پاش تەقینەوە لە یەمەن دۆزراونەتەوە.