کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا خوازیاری پشکنینی پایەگاکانی ڕێژیمی ئێرانه

23:55 - 22 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: ئامریکا ڕایگەیاندووە، جیا لەوەی کە سەخترین گەمارۆوە ئابوورییەکان دژی ڕێژیمی ئێران پەسند دەکەم و دەبێ سەرلەنوێ دانوستان بکەین، جەختی کردووەتە کە ئامریکا دەبێ بتوانێت پایەگا نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێرانیش بپشکنێت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، دانڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، تەنیا دوو ڕۆژ دوای هاتنەدەر لە بەرجام لە کۆبوونەوەیەکی هەڵبژاردنەکانی ئیالەتی "ئیندیانا" ڕایگەیاند، کە هیوادارین لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بگەینە ڕێککەوتنی عادڵانه.

هەواڵدەریی "ئێن.بی.سی" بڵاوی کردووەتەوە، ترامپ کە بۆ یەکێک لە بەربژێرەکانی کۆماریخوازی سێنای ئامریکا بانگەشەی دەکرد، جەختی کردەوە کە دەبێ لە ڕێککەوتنی نوێدا لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، ئامریکا بتوانێت پایەگا نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێرانیش بپشکنێت.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کردووە، کە بەرجام جێگەی شەرمی ئامریکایە و جەختی کردەوە، کە ڕێژیمی ئێران لە کاتی دانوستانەکاندا ١٠ مەلەوانی ئامریکایی دەسبەسەر کرد و لە پێش چاوی دنیادا سووکایەتی پێ کردن.

دانڵد ترامپ، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە وتاری خۆیدا لە پێش کامێرای میدیا و هەواڵنێراندا، بە فەرمی بڕیاری هاتنەدەری لە ڕێککەوتنی بەرجامدا ڕاگەیاند و ئەو ڕێککەوتنە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بۆ هەمیشە چووە ناو مێژووەوە.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووش ئامریکا ٩ کەس و کۆمپانیای سەر به ڕێژیمی ئێرانی خستە نێو لیستەی گەمارۆوە ئابوورییەکانەوە.