کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا داوای لە ئاڵمان کردووە، کۆتایی بە هاوکارییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بێنێت

21:34 - 15 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: باڵوێزی نوێی ئامریکا لە ئاڵمان، داوای لە شیرکەتەکانی ئاڵمان کردووە، کە کۆتایی بە هاوکارییەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بێنن.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، "ڕیچارد گرنێل" باڵوێزی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە وتووێژێکدا، لەگەڵ کاناڵی "فاکس نیوز"، داوای لە شیرکەتەکانی ئاڵمان کردووە، هیچ جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ ڕێژیمی ئێران نەکەن و پێوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئەو ڕێژیمە بپچڕێنن.

گرنێل لەو وتووێژەدا وتوویەتی: "ڕێژیمی ئێران وڵاتێکە پشتیوانی لە تێرۆریزم دەکات. ئەو وڵاتە بۆ پەرەپێدانی تێرۆریزم لە جیهاندا میلیاردها دۆلار پارە بەکار دێنێت، بۆچی دەبێ وڵاتەکانی دیکەی جیهان بیانەوێت هاوکاریی بازرگانیان لەگەڵی هەبێت؟ بۆیە من دەڵێم ئەو شیرکەتانی وڵاتی ئاڵمان هاوکارییەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بپچڕێنن".

باڵوێزی نوێی ئامریکا، باسی لە پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران لە بەشار ئەسەد کردووە، کە پشتیوانی لە ڕێژیمێکی جەنایەتکار دەکات.

ڕیچارد گرنێل، یەکێک لە دژبەرانی توندی ڕێژیمی ئێران و ڕێککەوتنی ناوکییە و بە توندترین شێوەش پشتیوانی لە ئیسرائیل و نێتانیاهوو دەکات.

لەو پێوەندییەدا: دانا وایت" وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئامریکاش وتوویەتی: ئێمە لە دزەکردن و هەوڵە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەدا نیگەرانین و ئەو ڕێژیمە بە پشتیوانی لە هێزە میلیشیاکانی سەر بە خۆی وەک: حیزبوڵڵای لوبنان و حووسییەکانی یەمەن، سەقامگیریی ناوچەکەی تێک داوە و درێژە بەو هەوڵانەش دەدات".

ئیسرائیل بە نیسبەت کاروباری نیزامیی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەدا نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە و هۆشداری داوە، کە ئەو ڕێژیمە لە هەوڵدایە کە لە ڕێگای سووریەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.