کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا داوای لە هاوپەیمانەکانی کردووە کە گوشاری زیاتر بخەنە سەر ڕێژیمی ئێران

12:54 - 22 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ئامریکا، بە ئاماژەدان بە نزیکبوونەوە لە کۆتایی ماوەی دیاریکراوی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی فرۆشتنی چەکوچۆڵ بە ڕێژیمی ئێران و هەڵوەشانەوەی سەفەرە قەدەغەکراوەکانی فەرماندەی سپای قودس، هۆشداریی بە وڵاتانی دیکە دا.

"مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی گەلاوێژ، لە توییتی تاکەکەسی خۆیدا نووسیویەتی: "کات تێدەپەرێت و کاتی دیاریکراوی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە فرۆشتنی چەکوچۆڵ و هەڵوەشانوەی سەفەرە قەدەغەکراوەکانی قاسم سلێمانی، فەرماندەی سپای قودس، بەرەو کۆتایی دەڕوات. ئێمە هاوپەیمانەکانی خۆمان بۆ زیاتر گوشار خستنە سەر ڕێژیمی ئێران هان دەدەین تا ئەو ڕێژیمە کردەوە تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕییەکانی ڕابگرێت.

بەپێی ئەو کاتبەندییەی کە  "پۆمپێئۆ" لە توییتی خۆیدا بڵاوی کردووتەوە، تەنیا ١٥ مانگ و ٨ ڕۆژی ماوە تا گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە فرۆشتنی چەکوچۆڵ و هەڵوەشانەوەی سەفەرە قەدەغەکراوەکانی ''قاسم سلێمانی'' کۆتایی پێ بێت.

ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵەکانی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٧دا، گەمارۆی خستە سەر ڕێژیمی ئێران تاکوو چەکوچۆڵ بە ڕێژیمی ئێران نەفرۆشرێت و چەکوچۆڵ لە ئێرانەوە هەناردە نەکرێت.