کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا دووبارە هەڕەشەی لە سووریە کرد

12:09 - 3 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەبارەی قەیرانی سووریە هۆشدارییان دا کە ئەمجارە  بە شێوەیەکی جیاوازتر هێرشی نیزامی دەکەینە سەر سووریه.

هەواڵدەریی "بلۆمبێرگ" بڵاوی کردووەتەوە کە "جان بۆڵتۆن" ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نیشتمانی ئامریکا لە چاوپێکەوتن لەگەڵ "نیکۆلای پاترۆشۆڤ"هاوتا ڕووسیەکەی خۆی باسی لەوە کردووە کە هێرشی نیزامی دەکاتە سەر سووریه.

جان بۆڵتۆن ئەو قسانەی لە دیداری خۆیدا لە وڵاتی سویس لەگەڵ پاترۆشۆڤ کردووە.

ئەو بەرپرسە ئامریکاییە باسی لەوە کردووە کە ئامریکا زانیاریی لەبەر دەستدایە کە دەرخەری ئەوەیە بەشار ئەسەد سەرکۆماری ڕێژیمی سووریە بۆ گرتنەوەی پارێزگای ئیدلیب دەیهەوێت کەڵک لە چەکی شیمیایی وەربگرێت.

ناوبراو جەختی کردووەتەوە کە ئەگەر ڕێژیمی سووریە کەڵک لە چەکی شیمیایی وەربگرێت ئەمجارە بە شێوەیەکی جیاوازتر هێرشی نیزامی دەکەینە سەر سووریه.

ئامریکا پێشتریش دوای ئەوەیکە ڕێژیمی ئەسەد به چەکی شیمیایی شاری دوومای سووریەی بۆردوومان کرد هێرشی نیزامی کردە سەر سووریە و ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و دەوڵەتی ڕووسیەی به پشتیوانی لە ڕێژیمی بەشار و بەرپرسیاری ئەو هێرشە شیمیاییە لە قەڵەم دا.

له‌ ده‌سپێكی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی سووریه‌‏وە‌، پاسدار و بەسیجییەکانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا و حاشاهه‌ڵنه‌گه‌ر شان به‌ شانی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی ڕێژیمی به‌شار ئه‌سه‌د، دژ به‌ به‌رهه‌ڵستكارانی ڕێژیمی به‌عسی سووریه‌، شه‌ڕیان كردووه و تا ئێستا دەیان کەسیان کوژراون‌.