کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی نائاسایی لە هەمبەر ڕێژیمی ئێران لە لایەن ئامریکاوە بەردەوام دەبێت

11:04 - 22 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە فەرمانێکی نوێدا، دۆخی نائاسایی نەتەوەیی دژی ڕێژیمی ئێرانی بۆ ساڵێکی تر درێژ کردەوە.

"دانڵد ترامپ"، سەرکۆماری ئامریکا، ڕۆژی سێشەممە، ٢١ خەزەڵوەر، لە فەرمانێکی نوێدا بۆ کۆنگرەی ئەو وڵاتە، بە جەختکردنەوە لەسەر نائاساییبوونی پەیوەندییەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و دەوڵەتی ئامریکا، دۆخی نائاسایی ئەو وڵاتەی سەبارەت بە ڕێژیمی ئێران بۆ ماوەی ساڵێکی‌ تر درێژ کردەوە.

لە درێژکردنەوەی ئەم فەرمانەدا، باس لەوە کراوە کە پێوەندییەکانی واشنتۆن و تاران تا ئێستا ئاسایی نەبووەتەوە و ڕەوتی بەڕێوەبردنی ڕێککەوتنەکانی ڕێکەوتی ١٩ی ژانوییە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەروا درێژەی هەیە.

بڕیاری "١٢١٧٠"ی ئامریکا، ١٠ ڕۆژ دوای هێرشی خوێندکارانی پێڕەوی خەتی ئیمام کە هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانەی ئامریکا و هەروەها بارمتەگرتنی فەرمانبەرانی ئامریکا، دەرکراوە.

ساڵی ١٩٧٩ی زایینی بەرانبەر بە ١٣٥٧ی هەتاوی، "جیمی کارتێر"، سەرکۆماری ئەو کاتی ئامریکا، سەبارەت بە ڕێژیمی ئێران دۆخی نائاسایی ڕاگەیاند و ئەو دۆخە دواتر لە لایەن هەموو سەرکۆمارەکانی ئامریکاوە درێژ کراوەتەوە.

ئەو گەمارۆیانە کە دەوڵەتی ئامریکا لە سەردەمی سەرکۆماریی "جیمی کارتێر" بۆ یەکەم جار دژی ڕێژیمی ئێران پەسندی کرد، ڕێگریی لە چالاکییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئامریکادا کرد.