کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا دۆخی نائاسایی نیشتمانیی لە بەرامبەر ئێران بۆ ساڵێکی دیکە درێژ کردەوە

10:58 - 19 خەزەڵوەر 2721

'جۆ بایدن'' سەرکۆماری ئامریکا لە نامەیەکدا بۆ کۆنگرەی ئەو وڵاتە، دۆخی نائاسایی نیشتمانیی لە بەرامبەر ئێران کە دوای دەسبەسەرداگرتنی باڵوێزخانەی ئامریکا لە تاران لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی دەر کراوە، بۆ ساڵێکی دیکە درێژ کردەوە.

''بایدن'' لەو نامەیەدا درێژکردنەوەی دۆخی نائاسایی لە بەرامبەر ئێرانی بە پێویست زانیوە و وتوویەتی: ''پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ ئێران هێشتا ئاسایی نەبووەتەوە''.

ڕاگەیاندنی دۆخی نائاسایی دژی ڕێژیمی ئێران یەکەمجار لە سەردەمی سەرکۆماریی ''جیمی کارتێر'' و ١٠ ڕۆژ دوای دەسبەسەرداگرتنی باڵوێزخانەی ئامریکا لە تاران دەر کراوە.

لەو فەرمانەدا کە ماوەی ٤٢ ساڵە لەلایەن هەموو سەرکۆمارەکانی ئامریکا درێژ کراوەتەوە، هاتووە: ''ئێران دژی تەناهیی نەتەوەیی، سیاسەتی دەرەوە و ئابووریی ئامریکا هەڕەشەیەکی جیددییە''.

ئەو فەرمانەی "جۆ بایدن" لە دۆخێکدا دەر کراوە کە دەوڵەتی ناوبراو لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە پێشنیاری هاوبەشی ڕێژیمی ئێران و یەکیەتیی ئورووپا بۆ درێژەدانی وتووێژەکانی بەرجام پێشوازیی کردووە و داوای لە تاران کردووە کە بە نیازپاکی بگەڕێتەوە سەر مێزی وتووێژ.

بەپێی فەرمانی ''دۆخی نائاسایی نیشتمانی'' هەر سەرکۆمارێکی ئامریکا لە کۆشکی سپی مافی ئەوەی هەیە کە بڕیار بدات دەست بەسەر مڵک و داراییەکانی ڕێژیمی ئێراندا بگیرێت.