کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیویۆرک تایمز: کۆماری ئیسلامی مەودای هێرشەکانی لە ئورووپا پەرە پێ داوە

08:48 - 26 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاردانەوە بە شەڕی دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل، ئامانجەکانی لە دژبەرانی سیاسی و ناوەندە ئەمریکایی و ئیسرائیلییەکانەوە بۆ سەر بنکە و ژێرخانە گشتییەکانی ئورووپا پەرە پێ داوە و ئەمەش نیگەرانیی قووڵی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئورووپای لێ کەوتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی یکشەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ئەم ڕۆژنامەیە، زیادبوونی پیلانە تێرۆریستییەکان لە ئورووپا، لەوانە هەوڵدان بۆ هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە بریتانیا، ئاگرتێبەردانی ناوەندەکانی تایبەت بە کۆمەڵگەی جووەکان و هێرشە سایبێرییەکان بۆ سەر فرۆشگا زنجیرەییەکان و بانکی خوێن، هۆشداریی لێپرسراوانی ئەمنییەتیی بەدوای خۆیدا هێناوە.

نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمریکا لە ترسی هێرشی مووشەکی و دڕۆنیی ڕێژیمی ئێران، لانیکەم ١٢ فڕۆکەی سەربازی و بۆمبڕێژکراوی خۆی لە بنکە ئاسمانییەکانی "میلدنهال" و "فێرفۆرد" لە بریتانیا گواستووەتەوە.

پۆلیسی بریتانیاش پێشتر پێنج کەسی لە نزیک بنکەی فێرفۆرد دەسبەسەر کردبوو کە لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن ئەندامانی سەر بە گرووپە نیابەتییەکانی ئێران، لەوانە "کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق"، دەستیان لەم پیلانانەدا هەبووە.

لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژە بە هێرشە سایبێرییە بەرفراوانەکان کراوە کە بووەتە هۆی تێکچوونی سیستمی ساردکەرەوەکان و لەنێوچونی چەندین میلیۆن دۆلار ماددەی خۆراکی لە فەڕانسە، بێلژیک، لوکزامبورگ، سوید، ئیرلەند، هولەند، ستۆنی و فینلاند و تەنانەت ژمارەیەک بانکی خوێنیش لە فەڕانسە کەوتوونەتە بەر هێرش.

بەرپرسانی هەواڵگریی بریتانیا و کارناسان دەڵێن پێش دەستپێکردنی شەڕ، کۆماری ئیسلامی تەنیا نەیارانی دەرەوەی وڵات و ناوەندە ئەمریکایی و ئیسرائیلییەکانی دەکردە ئامانج، بەڵام ئێستا دەزگا ئەمنییەتییەکانی تاران ئامادەیی زیاتریان بۆ لێدانی ئامانجی فراوانتر لە ئورووپا هەیە و هاوکاریی سەربازیی نێوان ڕووسیە و ئێران ئەم توانایە زیاتر دەکات.