کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا ٢٧ دۆمینی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانی داخست

11:03 - 15 خەزەڵوەر 2720

وەزارەتی دادگوستەریی ئامریکا ٢٧ دۆمینی ماڵپەڕەکانی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانی کە ویستوویانە لە هەڵبژاردنەکاندا دەستێوەردان بکەن، داخست.

ڕێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەر وەزارەتی دادگوستەریی ئامریکا ڕایگەیاندووە، ئەو ٢٧ ماڵپەڕە بەهۆی بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە داخراون.

لەو پێوەندییەدا ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەر وەزارەتی دادگوستەریی ئامریکا لە بەیانییەیەکدا بڵاوی کردەوە، ٩٢ دۆمینی ئێنتێرنێتی (Internet domain) کە لەلایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست کەڵکی لێ وەرگیراوە، سڕیوەتەوە.

لەو بەیانییەیەدا هاتبوو، ئەو ٩٢ دۆمینە ئینتێرنێتییە لەلایەن وەزارەتی دادگوستەریی ئامریکاوە بەهۆی بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە لە جیهاندا سڕدراونەتەوە.

چوار دانە لەو ٩٢ دۆمینە بە شاراوەیی خۆیان لە ئاستی ئەو هەواڵدەرییە جێگای متمانانەدا ناساندووە کە هەواڵی جێگای باوەڕ بڵاو دەکەنەوە.

٨٨ دانە لەو دۆمینانە کە سپای ڕێژیم کەڵکی لێ وەرگرتوون، بەردەنگەکانیان وڵاتانی ئورووپایی، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بوونە.