کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا دەستی بەسەر ٤ نەوتکێشی ئێراندا گرت

13:04 - 24 گەلاوێژ 2720

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ یەکەمین جار بەهۆی پێشێلکردنی گەمارۆکان دەستی بەسەر ٤ نەوتکێشی ئێراندا داگرتووە کە هەڵگری سووتەمەنی بۆ ڤێنێزۆئێلا بوونە.

"وال ستریت ژۆرناڵ" لە زاری بەرپرسانی ئامریکاییەوە بڵاوی کردووەتەوە کە دەوڵەتی ترامپ دەستی بەسەر ٤ کەشتیدا داگرتووە کە هەڵگری سووتەمەنی بۆ "ڤێنێزۆئێلا" بوونە و گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئێرانیان پێشێل کردووە.

ئامریکا ئەو کارەی وەک دووپاتکردنەوەی "سیاسەتی گوشاری لانی زۆری" بۆ سەر تاران ئەنجام داوە.

ئەو بەرپرسانە وتوویانە کە ئەو ٤ کەشتییە بە ناوەکانی "لۆنا"، "پاندی"، "برینگ" و "بێلا"، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە دەریادا ڕاگیراوە و ئێستاکە دەگوازرێنەوە بۆ "هیۆستۆن".

دۆزگەرەکانی فێدێراڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، مانگی ڕابردوو بۆ ڕاگرتنی ٤ تانکێری ئێرانی کە بەرەو ڤێنێزۆئێلا دەچوون داواکارییەکیان ناردبوو.

بەرپرسێکی ئامریکایی بە "وال ستریت ژۆرناڵـ"ـی ڕاگەیاندووە کە ئەو نەوتکێشانە بە بێ‌کەڵک وەرگرتن لە هێزی نیزامی ڕاگیراون.

بەپێی دۆسییەیەک کە لەلایەن ئامریکاوە پێشکەش کراوە، بازرگانێکی ئێرانیی گرێدراو بە سپای تێرۆریستی پاسداران کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناسێندراوە، لەڕێگای تۆڕی شێرکەتە ساختەکانەوە، باری سووتەمەنیی گواستووەتەوە تا بە شێوەی شاراوە گەمارۆکانی ئامریکا دەور لێ بداتەوە.