شاندێکی حیزب لە وڵاتی ئاڵمان بریتی لە مستەفا قازیزادە و ئاشتی ئەمینزادە ڕۆژی ١٧ی نۆڤامبری ٢٠٢٦ دیدارێکی ئانلاینیان لەگەڵ ئێلیوئادلەر (Elio Adler) بەرپرسی ڕێکخراوەی Werteinitiative هەبوو. ئەو ڕێکخراوەیە بۆ پاراستنی دێموکراسی لەو وڵاتە و برایەتیی دوو گەلی جولەکە و ئاڵمانی خەبات دەکات.
ئەو دانیشتنە لە دوای چاوپێکەوتنی شاندی حیزب و بەڕێز ئادلەر لە سێمیناری Wertekompass Westen لە ڕێوڕەسمی حەفتەی ئازادیی بێرلین لە ڕۆژی ٩ی نۆڤامبری ئەمساڵ ڕێکخرا.
Wertekompass Westen لە چوارچێوەی ساڵوەگەڕی داڕمانی دیواری بێرلین لە ٩ی نۆڤامبری ١٩٨٩ بەڕێوە چوو. بیرەوەری ئەو ڕۆژە مێژووییەی وڵاتی ئاڵمان ئەمساڵ بۆ ماوەی حەفتەیەک لەژێر ناوی حەفتەی ئازادیی بێرلین BERLIN FREEDOM WEEK لە ٧ تا ١٤ی نۆڤامبری ٢٠٢٦ بەڕێوە چوو.
نوێنەری حیزب شیی کردەوە کە ئەو حیزبە لە ساڵی ١٩٤٥ـەوە خەبات بۆ مافە نەتەوەییەکانی کورد لە ئێران دەکات و ئاماژەی کرد کە کورد تەنیا گەلێک بوو کە جوابی نەرێنیی بە ڕێفراندۆمی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٩٨٠ دا. ئەو هەروەها ڕوونی کردەوە کە ئامانجی حیزب دامەزراندنی فێدراڵیزم وەک تەنیا ڕێگای جێگیرکردنی دێموکراسی لە ئێرانە. ناوبراو ئاماژەی کرد کە ڕێژیمی ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بارەگاکانی حیزبەکەی و حیزبە کوردستانییەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن لە باشوور بۆردومان دەکات و مەترسی بۆ سەر کورد و هەموو ناوچەکە دروست دەکات.
بەڕێز ئادلەر و نوێنەری حیزب باسیان لە هەڕەشە هاوبەشەکان کرد کە دەوڵەتی ئێران بە تایبەتی لەسەر کۆمەڵگەی جوولەکە و کورد لە ئاڵمان دروستی دەکات. نوێنەری حیزب باسی تێرۆرکردنی سکرتێری حیزب ، دوکتور شەرەفکەندی لە ساڵی ١٩٩٢ لە ئاڵمان کرد. بەڕێز ئادلەر جەختی کرد کە سیخوڕانی کۆماری ئیسلامی لە ئاڵمان سیخوڕی دژی کۆمەڵگەی ئاڵمان و جولەکە دەکەن و بۆ ژیانی دێموکراتیک مەترسیدارن. ناوبراو هاوڕا بوو لەسەر ئەوەی هەردوو لایەن بەرژەوەندیی هاوبەشیان لە ئاڵمان هەیە و جەختی لەسەر پێویستیی گۆڕینی ڕێژیم لە ئێران کردەوە.
لە کۆتاییدا هەر دوولا بەڵێنییان دا کە لە سەر پاراستنی دێموۆکراسی لەو وڵاتە وەک خاڵی سەرەکیی ژیان بەردەوام بن.