کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی کەمیی ئارد لە بۆکان و ئاواییەکانی ناڕەزایەتی و نیگەرانیی هاووڵاتییانی لێکەوتووەتەوە

12:46 - 27 خەزەڵوەر 2726

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات گەیشتووە، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردووەوە هەتا ئێستا، کەمکردنەوەی بەشە ئاردی نانەواخانەکانی شار و ئاواییەکانی بۆکان بووەتە جێگای نیگەرانی و ناڕەزایەتیی توندی هاووڵاتییان.

بەپێی زانیارییەکان، سەرەڕای بەدواداچوونی خەڵک بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، بەرپرسانی پەیوەندیداری ڕێژیم وڵامێکی بەرپرسانەیان نەداوەتەوە و کێشەکان قووڵتر بوونەتەوە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، لە ئاواییەکانی «کانیڕەش» و «حوسێن ئاباد»، سەرەڕای ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان، تەنیا ٦٠ کیسە ئارد بۆ ماوەی مانگێکیان پێدراوە کە، دواتر ئەو ڕێژە کەمەشیان بە پاساوی "قەرزداربوون" لێ سەندراوەتەوە.

لەلایەکی ترەوە، سیستەمی نوێی کڕینی نان کێشەی تری بۆ خەڵک دروست کردووە؛ هاووڵاتییان ناتوانن کارتی نانپێکردنی خۆیان لە هیچ نانەواخانەیەکی دیکەدا بەکار بهێنن و ئەگەر لە شوێنێکی تر نان بکڕن، ئەو بەشە ئاردە کەمەشیان لێدەبڕن.

ئەم قەیرانە گشتگیرە، هەموو ئاواییەکانی کوردستان بەتایبەت ئاواییەکانی پارێزگای ورمێی گرتووەتەوە.

قەیرانی کەمبوونی ئارد و سیستەمە نادادپەوەرانەکانی دابەشکردن لە کوردستاندا پەرەی سەندووە و بووەتە بارقورساییەکی گەورە لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک.