ڕاپۆرتە مافی مرۆییەکان سەبارەت بە بارودۆخی دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١۴٠۴ لە زیندانی یەزد، باس لە دەرکردنی سزای قورسی بەندکران بۆ ١۵ کەس، بێسەروشوێنی و نادیاریی دۆسییەی دادوەریی ١٣ زیندانیی تر و سنوردارکردنی دۆخی ڕاگرتنیان کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، لە کۆی ئەو ٢٨ زیندانییەی کە لێکۆڵینەوەیان لێ کراوە، ١۵ کەسیان سزا دراون کە سزاکانیان لەنێوان سێ بۆ بیست و یەک ساڵ بەندکراندایە.
هێرانا هەروەها ڕایگەیاندووە کە ١٣ زیندانیی تر دوای تێپەڕبوونی چەندین مانگ بەسەر دەسبەسەرکرانیان، هێشتا بێسەروشوێنن.
چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پەیوەندیگرتن لەگەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی دەرەوەی وڵات و هەبوونی ئامێری پەیوەندیگرتن لەو تۆمەتانەن کە دراونەتە پاڵ ئەم زیندانییانە.
ئەم ڕاپۆرتە باس لە بێبەشبوونی چەند مانگەی ژمارەیەک لە زیندانییان لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان، گوشار و هەڕەشە لەسەر کەسوکاریان و کێشەکانی تایبەت بە دۆخی ڕاگرتن لە بەندی دابڕگەی زیندانی یەزد دەکات.
بە وتەی هێرانا، ئەم بەندە سەرەڕای هەبوونی ۴٢ تەخت، بە گشتی لەنێوان ۴۵ بۆ ۵۵ زیندانی لەخۆ دەگرێت، و لە ئەنجامدا، ژمارەیەک لە زیندانییان ناچارن لەسەر زەوی بخەون. سنورداربوونی ڕووبەری هەواگۆڕین و دەستپێڕاگەیشتنی ناتەواو بە کەرەستەی وەرزشی لە کێشە ڕاگەیەندراوەکانی تری ئەم زیندانەن.
هێرانا جەختی کردووەتەوە کە ئەم ٢٨ کەسە تەنها بەشێکن لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار لە زیندانی یەزد و ئەم ئامارە، ژمارەی گشتیی زیندانییە پەیوەندیدارەکانی ئەم ناڕەزایەتییانە نیشان نادات.