کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا سەبارەت بە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران لەبابەت ئاژانسی وزەی ناوکی کاردانەوەی نیشان دا

19:09 - 4 گەلاوێژ 2722

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٣ـی گەلاوێژ،  "نێد پرایس" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا سەبارەت بە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران لەبابەت کوژاندنەوەی کامێراکانی چاوەدێری ئاژانسی وزەی ناوکی کاردانەوەی نیشان دا و ئەو هەنگاوەی ڕێژیمی ئێرانی بە خراپ وەسف کرد.

"نێد پرایس" هەروەها ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە چالاکییە ناوکییەکانی دەبێ وەڵامی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بداتەوە و ڕوونکردنەوە بدات، بەڵام کوژاندنەوەی کامێراکانی چاوەدێریی ئاژانسی وزەی ناوکی، نییەت خراپیی ئەو ڕێژیمە دەردەخات.

بەرپرسی ئاژانسی وەزەی "ناوکیـ"ش لەو بارەوە وتوویەتی کە ئیمکاناتی چاوەد‌ێریی ئاژانس لە ئێراندا زۆر سنووردار کراوەتەوە.

لە ئێستادا تا دێت چالاکییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران زیاتر دەبن و ڕێککەوتنی بەرجام ئاسۆیەکی بۆ جێبەجێبوون تێدا بەدی ناکرێت.

ئاژانسی وزەی ناوکی تا ماوەیەک لەمەوبەر لە ڕێگای کامێراکانی پەیوەندیدار بە گرێبەستی ڕێگری لە بەکارهێنانی چەکە ناوکییەکان "NPT" و هەروەها کامێراکانی پەیوەندیدار بە ڕێککەوتنی ناوکی و بەرجام، چاوەدێریی بەسەر چالاکییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێراندا دەکرد.

"محەممەد ئیسلامی" سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران لەو بارەوە وتوویەتی کە ئەو کۆمەڵە کامێرایە بۆ ڕەواندنەوەی تۆمەتی وەپاڵدراوی دروستکردنی چەکی ناوکی بە ڕیژیمی ئێران دانراون و هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر تۆمەتەکان لە جێگای خۆیان بن، کامێراکان دەکوژێننەوە.