
وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا هۆشداریی دا کە هەوڵی ڕێژیمی ئێران لە ڕەوانەکردنی چەکوچۆڵ بە شێوەی قاچاخ بۆ حوسییەکانی یەمەن، هەڕەشە لە ئەمنییەتی ناوچە و جیهان دەکات و درێژەکێشانی شەڕ و کوژرانی خەڵکی مەدەنی لە یەمەنی لێ دەکەوێتەوە.
لە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکادا هاتووە: ''ناردنی چەکوچۆڵ بە شێوەی نایاسایی لەلایەن ئێرانەوە بۆ یەمەن، ئەگەری هێرشی بێبەزەییانەی حوسییەکانی بۆ ماربی بەدواوە دەبێت و کوژرانی خەڵکی مەدەنی و درێژەکێشانی شەڕی لێ دەکەوەێتەوە".
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە، پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران لە گرووپە چەکدارەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەڕەشە لە ئەمنییەتی جیهان و ناوچەکە و هێزە نیزامییەکانی ئامریکا و شارومەندانی ئەو وڵاتە دەکات.
ئەو بەیاننامەیەی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا باسی لەوە کردووە: ''قاچاخی چەکۆچۆڵ لە ئێرانەوە بۆ حوسییەکان بە واتای پێشێلکردنی ئاشکرای گەمارۆوە چەکوچۆڵییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و نموونەیەک لە هەوڵە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەیە".
ڕۆژی چوارشەممە ١ی بەفرانبار "ناوگانی پێنجەمی هێزی دەریایی ئامریکا" لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "بارێکی گەورەی چەکوچۆڵی جێسازیکراو لە کەشتییەکی بێ شوناس کە لە ئێرانەوە بۆ حووسییەکانی یەمەن ڕادەگوێزرا، لە باکووری دەریای عەرەب دەستی بەسەدا گیراوە".
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە ئەو بارە، هەزار و ٤٠٠ چەکی کڵاشنیکۆف و زیاتر لە ٢٢٦ هەزار فیشەکی لەخۆ گرتووە.
هەتا ئێستا چەندین باری چەکوچۆڵ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ میلیشیا چەکدارە حووسییەکان ڕەوانە کراوە کە لەلایەن هاوپەیمانان و هێزەکانی ئامریکاوە دەستی بەسەردا گیراوە و ڕێژیمی ئێران بە دەستێوەردان و ئاژاوەگێڕی لە ناوچەکە مەحکووم کراوە.