کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پۆلیسی دژەسیخوڕیی هولەند ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە هەوڵێکی تێرۆریسیتیی دژی ڕۆژنامەنووسێک ئاشکرا کرد

08:18 - 26 خەزەڵوەر 2726

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی هولەندیی «تراو»، تیمی تایبەتی دژەسیخوڕیی پۆلیسی هولەند لە هەوڵی لێکۆڵینەوەدایە لە فەرمانی تێرۆری ناسەرکەوتووانەی سیامەک تەدین تەهماسبی، ڕۆژنامەنووس و هونەرمەندی ئێرانی، لە خەزەڵوەری ١٤٠٣ لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە. ئەم لێکۆڵینەوەیە هاوکاتە لەگەڵ دادگاییکردنی شەش تۆمەتبار کە بە بەشدارییان لەم هەوڵە تێرۆریستییە لە شاری هارلم کردووە.

دادگای هولەند لە کاتی دادگاییکردنەکەدا، کە بە ڕێوشوێنی توندی ئەمنی بەڕێوە چوو، داوای سزای قورسی زیندانیکردن (لە شەش تا بیست ساڵ) بۆ تۆمەتباران کرد کە پێکهاتوون لە هاووڵاتییەکی کۆلۆمبیایی، هاووڵاتییەکی توونسی و چوار کەسی تر؛ ئەوان لە بەرانبەر وەرگرتنی پارەدا ئامادە بوون ئەم ڕۆژنامەنووسە بکەنە ئامانج.

سەرەڕای ئەوەی دادستانی هولەند تا ڕادەیەک هەوڵی داوە لە پڕۆسەی دادگاییکردنەکەدا خۆی لە تیشکخستنە سەر ڕۆڵی ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامی بەدوور بگرێت، بەڵام تیمی دژەسیخوڕیی ئەو وڵاتە لێکۆڵینەوەکانی خۆی بۆ دۆزینەوەی فەرمانبەر و بکەرە سەرەکییەکانی ئەم پەلامارە تێرۆریستییە چڕ کردووەتەوە.

یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەردەم لێکۆڵینەوەکان، هەڵاتنی کەسی سەرەکیی گومانلێکراوە بە ناوی «سامی ب» ناسراو بە «پاچۆ» کە ڕەگەزنامەی مەراکشی و ئیسپانیایی هەیە و وەک خاڵی پەیوەندیی نێوان تاران و ئەنجامدەرانی هێرشەکە دەناسرێت.

 بەپێی نیشانەکان، ناوبراو بۆ ئێران هەڵاتووە و دەسەڵاتی دادوەریی هولەند پاداشتێکی ٥٠ هەزار یۆرۆیی بۆ هەر زانیارییەک کە بۆ دەسبەسەرکردنی داناوە.