کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی دوو هاووڵاتیی دیکەی بەلووچ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە خاش

08:27 - 26 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، دوو هاووڵاتیی بەلووچ بە ناوەکانی «مەحیەدین مارندەگانی» ناسراو بە «مەیادین» و «ئارش جەماڵزەهی»، خەڵکی خاش، لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ ناوچەی ئیرەندێگان، کەوتنە نێو کەمین و بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم گیانیان لە دەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی «حاڵ‌وەش»، ئەم دوو هاووڵاتییە لە کاتی هاتنیان لە خاشەوە بۆ ئیرەندێگان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە کراونە ئامانج و دوای کوژرانیان، تەرمەکانیان بۆ ساردخانەکان گواستراوەتەوە و پاش حەوت کاتژمێر ڕادەستی بنەماڵەکانیان کراونەتەوە.

لە بەرانبەردا، مورتەزا جۆکار، جێگری فەرماندەی هێزی ئینتزامیی بەلووچستان، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لەم ڕووداوەدا، باندێکی دزیی چەکداری ئۆتۆمۆبیل لە ناوچەی ئیرندێگان تێکشکێنراوە و دوو کەس لە ئەندامانی ئەم باندە لە پێکدادانی چەکداریدا کوژراون؛ بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکان ئەم بانگەشەیەی پۆلیس ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن ناوبراوان لە کاتی تێپەڕبوون لەو ڕێگەیەدا بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە دراونەتە بەر دەسترێژ.

شایانی باسە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دەیان هاووڵاتیی کورد و بەلووچی بەبێ هۆکار داوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و ئەو ڕەوتە هەتا ئێستا بەردەوامە.