جەیدی ڤانس، جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەو و دۆنالد ترامپدا لەبارەی ئاراستەی شەڕی دژ بە کۆماری ئیسلامی نییە و واشنگتۆن مەبەستی نییە بچێتە ناو شەڕێکی درێژخایەنەوە.
ڤانس ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر، لە گفتوگۆیەکی لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی "فاکس نیوز" جەختی کردەوە کە دەوڵەتی ئەمریکا بە خەڵکی ئەو وڵاتەی ڕاگەیاندووە کە لە تێوەگلان لە شەڕە بێکۆتاکان خۆ دەبوێرێت.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە هەڕەشەی بەرنامەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی وتی کە ترامپ بڕیاری داوە ئەو بەرنامەیە لەنێو ببات، بەڵام ڕێگە نادات ئەم شەڕە ببێتە ئەرکێکی ١٠ یان ١٥ ساڵە یان تەنانەت دوو ساڵە.
جێگری ترامپ هەروەها ڕەخنەی لەو کەسانە گرت کە داوای درێژەدان بە بێسنووری شەڕەکە دەکەن و جەختی کردەوە کە ئەمریکا بۆ هەمیشە لەم ململانێیەدا نامێنێتەوە.
ڤانس متمانەی خۆی دەربڕی کە ترامپ شەڕەکە بە ئەنجامێکی دڵخواز بۆ ئەمریکا کۆتایی پێ دەهێنێت. ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە دەرئەنجامە ئابوورییەکانی ململانێکە، لەوانە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و سەرچاوەکانی وزە کرد.