کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تورکیە؛ مەترسیی دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازێکی سیاسیی خەڵکی کرماشان بۆ ئێران

08:24 - 26 خەزەڵوەر 2726

تارا ڕەحیمی‌زاد، پەناخوازی سیاسیی کوردی خەڵکی کرماشان دوای ٢٣ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی تورکیەوە، بۆ کەمپێکی نزیک سنووری ئێران گوازراوەتەوە و مەترسیی جیددیی دیپۆرتکردنەوەی لەسەرە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، تارا (تاهیرە) ڕەحیمی‌زاد کە ڕۆژی شەممە ٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ لە تورکیە دەسبەسەر کرابوو، سەرەتا بۆ کەمپی "ئەدرنە" و پاشان بۆ کەمپی "پەهلەوان‌کۆی" گوازرابووەوە. ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ١٩ی خەزەڵوەر بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیاری دیپۆرتکردنەوە، ڕەوانەی کەمپی "ئاگری" لە پارێزگای ئاگری و لە نزیک سنوورەکانی ئێران کراوە.

تارا ڕەحیمی‌زاد لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا وەک چالاکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بووە و بەهۆی گوشارە بەردەوامەکانی دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران و بە مەبەستی گەیشتن بە وڵاتێکی ئارام، هەرێمی کوردستانی بەجێ هێشتبوو.

لە ئەگەری ڕادەستکردنەوەی بە ئێران، ناوبراو ڕووبەڕووی مەترسیی ئەشکەنجە و سەپاندنی سزای قورس و نامرۆڤانە لەلایەن دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەبێتەوە.