کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا؛ قەتەر باشترین هاوپەیمانی ئێمە لە دەرەوەی ڕێکخراوی ناتۆیە

12:16 - 21 رەشەمه 2721

ڕۆژی هەینی ٢٠ی ڕەشەمە "جۆ بایدن" سەرکۆماری ئامریکا لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردووەتەوە ە لە دەرەوەی ناتۆ، وڵاتی "قەتەر" گرینگترین و باشترین هاوپەیمانی ئامریکایە.

ئەو هەنگاوەی ئامریکا کاریگەری لەسەر قووڵتربوونەوەی پەیوەندیی دیپلۆماسی نێوان دوو وڵات دەبێت.

مانگی بەفرانباری ساڵی پێشوو لە سەفەری "شێخ تەمیم" کوڕی "حەمد ئالی سانی" ئەمیری قەتەر بۆ ئامریکا و دیداری لەگەڵ "جۆ بایدن" سەرکۆماری ئەو وڵاتە باسی ئەو بابەتە کرابوو.

لەو دیدارەدا "جۆ بایدن" بە ئامانجی قووڵتربوونەوەی پەیوەندییەکانی دوو وڵات "قەتەر"ی وەکوو گرینگترین هاوپەیمانی ئامریکا لە دەرەوەی ناتۆ ناساندبوو.

ناوبراو هەروەها وتبووی کە ئەو پەیوەندییە پێویست بوو زۆر لەوە پێشتر دروست پێک هاتبا و ڕەنگە ئێستا درەنگ بوو بێت.

لە دەیەکانی ڕابردوودا "قەتەر" وێڕای بوونی کێشە و گرژی لەگەڵ عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی ڕۆڵێکی سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا گێڕاوە.

لە ئێستادا "قەتەر" بەهۆی نێوەندگیری لە کێشەکانی "ئەفغانستان" و پرسی ناوکیی ڕێژیمی ئێران و هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین، وەکوو یەکێک لە گرینگترین هاوپەیمانەکانی ئامریکا حیسابی بۆ دەکرێ.

"قەتەر" بەهۆی ئەوەیکە خاوەنی گازێکی زۆری سروشتییە دەتوانێت گازی ئورووپا دابین بکات و ڕووسیە بخاتە پەراوێزەوە

"قەتەر" لە وڵاتانی کەنداو لە دوای "کوەیت" و "بەحرەین" سێهەمین هاوپەیمانی ئامریکایە لە دەرەوەی ڕێکخراوی ناتۆ.