کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا لێخۆشبوونی عێراقی لە گەمارۆکانی ئێرانی بۆ ٤٥ ڕۆژی دیکە درێژ کردەوە

17:26 - 1 سەرماوەز 2720

ڕۆژنامەی ئامریکایی "واشنتۆن پۆست" لە زاری وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکاوە بڵاوی کردووەتەوە کە "مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ٤٥ ڕۆژی دیکە لێخۆشبوونی عێراقی لە گەمارۆکانی سەر ئێرانی درێژ کردووەتەوە.

بەم پێیە عێراق دەتوانێت لەماوەی لێخۆشبوونەکەدا وزە لە ئێرانەوە هاوەردە بکات.

ئەو دەورە نوێیەی لێخۆشبوونی عێراق چەند ڕۆژ پێش کۆتایی‌هاتنی سەرکۆماریی "دانڵد ترامپ" کۆتایی پێدێت و ترامپ دەبێ پێش ٢٠ی ژانوییە سەبارەت بە درێژکردنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوونەکان بگاتە ئاکام.

وڵاتی عێراق بەهۆی لاوازبوونی ژێرخانەکانی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیی کارەبای هەیە و یەک لەسەر سێی کارەبای بەرهەمهاتووی ئەو وڵاتە لە وزەخانەگەلێکدا بەرهەم دێت کە لە ئێرانەوە گازی بۆ دابین دەکرێ.

دەوڵەتی ئێستای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بەدوای هاتنەدەرەوە لە بەرجام، لە ساڵی ٩٧ی هەتاویدا، گەمارۆی لەسەر پیشەی وزەی ئێران دانا و عێراق ناچارە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆی لە ئێرانەوە، لێخۆشبوونی کاتی لە ئامریکا وەربگرێت.