کوردستان میدیا

هەینی 2ی خاکەلێوه 2719
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا لەسەر پێشگرتن بە فرۆشتنی نەوتی ئێران سوورە

12:31 - 22 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لەسەر پێشگرتن بە فرۆشتنی نەوتی ڕێژیمی ئێران، لە بازاڕەکانی ئێراندا سوورە و باس لەوە دەکات، لە خنکاندنی ڕێژیمی ئێران بەردەوام دەبین.

"مایک پۆمپێئۆ"، وه‌زیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا، ئیرادەی وڵاته‌كه‌ی بۆ به‌رده‌وامیی به‌ گوشاره‌كانی بۆ کەمکردنەوەی  هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئه‌و وڵاته‌ بۆ ئاستی سفر ده‌ربڕی و داوای له‌ ڕێژیمی ئێران كرد کە وه‌ک وڵاتێكی ئاسایی هه‌ڵسوكه‌وت بكات.

پۆمپێئۆ له‌ كۆنگره‌ی وزه،‌ که له ناوچه‌ی هیوسن له‌ ویلایه‌تی تێگزاس بەڕێوە چوو وتی: "به ‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌مانه‌وێت له‌ ڕێگه‌ی سزاكانه‌وه‌ گوشار بخه‌ینه‌ سه‌ر ڕێژیمی ئێران بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئه‌و وڵاته‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ بگه‌یه‌نینه‌ ئاستی سفر و داواش له‌ ڕێژیمی ئێران ده‌كه‌ین وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی ئاسایی و سروشتی هه‌ڵسوكه‌وت بكات".

ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه،‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕێژیمی تاران دانیان به‌ كاریگه‌ریی گەمارۆوە ئابوورییەکان و سزا تونده‌كانی واشنگتۆن بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌یان ناوه‌ و ده‌ڵێن: "كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئابووری و ژیان و گوزه‌رانی ڕۆژانه‌ی هاووڵاتیانیش كردووه‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له ‌به‌رده‌م گوشاره‌كانی ئام‌ریكادا هیچ پاشه‌كشه‌یه‌ك ناكه‌ین".