کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا لە ڕێكکەوتننامەی "ئاسمانەکانی کراوە" ڕۆیشتە دەرەوە

11:57 - 2 سەرماوەز 2720

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢ی سەرماوەز ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ڕێککەوتننامەی "ئاسمانەکانی کراوە" (Open Skies) بە فەرمی ڕۆیشتە دەرەوە.

"دانڵد ترامپ" سەرکۆماری ئامریکا مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ بڕیاری دا کە ئامریکا لە ڕێكکەوتننامەی "ئاسمانەکانی کراوە" دەڕواته دەرەوە و "مایک پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاندبوو کە ڕێکەوتی ٢٢ی نۆڤامبر لەو ڕێککەوتنە دەچێتە دەرەوە.

ئەمڕۆ ئامریکا بە فەرمی لەو ڕێککەوتننامەیە ڕۆیشتووەتە دەرەوە.

ئەو ڕێککەوتنە لە نێوان ٣٤ وڵاتدا ساڵی ٢٠٠٢ی زایینی واژۆ کراوە. بەپێی ئەو ڕێكکەوتننامەیە ئەو ٣٤ وڵاتە دەتوانن لە ئاسمانی یەکتردا بۆ شناسایی و لێكۆڵێنەوەی غەیری نیزامی کار بکەن.

ئامریکا هەتا ئێستا لە چەند ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی وەک: "ڕێککەوتنی گۆڕانی کەش و هەوای پاریس، یونسکۆ و  ڕێکخراوی جیهانیی تەندروستی ڕۆیشتووەتە دەرەوە".