کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا لە گوشارەکانی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بەردەوامە

11:02 - 28 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: ئامریکا لە پێناو بەڕێوەبردنی سیاسەتی گوشاری لانیزۆری بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە گەمارۆدانان لەسەر ئەو کەس و شیرکەتانەی یارمەتیدەری ئەو ڕێژیمەن و بەرتەسک کردنەوەی چالاکییەکانیان بەردەوامە.

لە درێژەی گوشارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، ئەمجارە یەک کەس و ٣ شیرکەتی "ئەندۆنێزیا"یی بە پێشێلکردنی یاساکانی هەناردەکردنی ئامریکا لە پەیوەندی لەگەڵ گەمارۆکان بۆ سەر ئێران تاوانبار کردووە.

وەزارەتی دادگوستەریی ئامریکا ڕۆژی سێشەممە، ٢٦ی سەرماوەز، ڕایگەیاند، "سۆناکرۆکۆنتجۆرۆ"، بەڕێوەبەری ٣ شیرکەتی "پی تی ئێم ئێس ئایرۆ ساپۆرت"، "پی تی کەندیازا وزەی یووتاما" و "پی تی ئانتەسنا کرازیـ"ـی بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی هەناردەکردنی ئامریکا بەنیسبەت گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران تۆمەتبار کراوە.

ناوبراو لە ساڵەکانی ٢٠١١ و ٢٠١٨دا چەندین ملیۆن دۆلار کەلوپەلی فڕۆکەی بۆ شیرکەتی فڕۆکەوانیی "ماهان ئەیر" کە لە لیستی گەمارۆکانی ئامریکادایە، هەناردووە.

بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی دادگوستەریی ئامریکا ئەو کەس و شیرکەتانەی ئەندۆنێزییایی، هەشت تۆمەتیان هەیە کە لەوانە دەتوانرێت ئاماژە بە "پێشێلکردنی گەمارۆکان، سپیکردنەوەی پارە و دەربڕینی درۆیی" ئاماژە بکرێت.

هێڵە ئاسمانییەکانی "ماهان ئەیر"، بەهۆی یارمەتی گەیاندن بە سپای تێرۆریستی پاسداران و جێبەجێکردنی هێز و کەرەستەی نیزامی بۆ وڵاتانی ناوچەکە لە لیستی گەمارۆکاندایە.

هەر لەو پەیوەندییەدا ئامریکا ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی سەرماوەز، فرۆشتن و گواستنەوەی دوو ماددەی "کۆکی نەوت" و "ئێلێکترۆد گرافیتیـ"ـی بە ڕێژیمی ئێرانی خستە لیستی گەمارۆکانەوە.