کوردستان میدیا: ئامریکا ڕایگەیاندووە، هەر چەشنە هێرشی گرووپە میلیشیاییەکان کە لە لایەن ڕێژیم ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، بە توندترین شێوە وڵام دەدەنەوە.
دوای گەورەبوونی کێشەکان لە بەسرە و هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لەو شارە و هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی ئامریکا لە لایەن میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئیران، کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، هەر چەشنە هێرشی میلیشیاکانی ئێران لە عێراق بە توندی وڵام دەدەنەوە.
کۆشکی سپی ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٢٠ خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە ڕاگەیەندراوێکدا بە ئاماژە بە هێرشەکانی بەسرە لە عێراق، نووسیویەتی: "ڕێژیمی ئیران نەتەنیا پێشی بە هێرشی میلیشیاکان نەگرتووە، بەڵکوو ئەو گرووپانە لە لایەن ڕێژیمەوە پاڵپشتی دارایی، ئامووزشی و لوجستیکی دەکرێن".
کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە: "هەر هێرشێک بکرێت بۆ سەر ناوەندە ئامریکاییەکان، کەسایەتییەکان و بیناکانی ئەو وڵاتە لە عێراقدا، ئێمە ئێران بە بەرپرسیار دەزانین و ئامریکا بۆ بەرگریکردن لە گیانی ئامریکاییەکان بە توندترین شێوە کردەوەی دەبێت".
خۆپیشاندانەکانی بەسرە بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە هەمبەر بەرپرسانی عێراقی و هاوکاریان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران و دەستێوەردانی ئەو ڕێژیمە لە کاروباری نێوخۆیی عێراق دەستی پێ کرد و بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی ئیران لە عێراق کەوتنە مەترسی و ڕێژیمیش بە پاڵپشتی لە میلیشیاکانی عێراق و هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی ئامریکا، ئاژاوەکەی گەورەتر کرد.
هەر لەسەر دەستێوەردانەکان و هێرشی ئێران لە عێراق، دوای مووشەکبارانی کەمپەکانی حیزبی دێموکرات لە هەرێمی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ١٩ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، مایک پنس جێگری سەرکۆماری ئامریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەروکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای مەحکوومکردنی ئەو کردەوەیە، ئامانجی ڕێژیم ئێران لەو کردەوانە، هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان و ئاژاوەنانەوە لە ناوچەکەیە.