کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا هێزەکانی بۆ شەڕ ئامادە دەکات

12:01 - 5 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: جێگری سەرکۆماری ئامریکا ڕوو بە دەرچووانی زانکۆی نیزامی ''وێست پۆینت '' وتویەتی: چاوەڕوانی دیتنی شەڕ بن.

ڕۆژی شەممە، ٤ی جۆزەردان، مایک پێنس، جێگری سەرکۆماری ئامریکا، لە زانکۆی نیزامی ''وێست پۆینت''، لە نیۆیۆرک کە بە یەکێک لە ناوەندە گەورەکانی پەروەردەییی نیزامی ئامریکا ئەژمار دەکرێت،  باسی لەوە کرد، کە دەرچووانی ئەو ناوندە نیزامییە چاوەڕوانی دیتنی شەڕیان هەبێت.

ناوبراو وتی: هیندێک لە ئێوە پێوەست بە شەڕ، دژی تێرۆریستە توندڕۆ ئیسلامییەکان لە وڵاتی ئەفغانستان و عێراق دەبن.

بەشداریی جێگری سەرکۆماری ئامریکا لە ڕێوڕەسمی پتر لە ٩٨٠ خوێندکاری دەرچووی ئەو ناوەندە لە حاڵێکدایە، کە ئامریکا بۆ پێشگرتن لە هەڕەشەکان و مەترسییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئێسلامیی ئێران بڕیاری داوە، ١٥٠٠ سەرباز ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا هۆشداریی بە ئێران داوە، کە هەر چەشنە هەوڵێکی ئەو وڵاتە دژ بە ئامریکا و بەرژەوەندییەکانی هاوپەیمانانی، کاردانەوەی توندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی بەدواوە دەبێت و بۆ ئەم مەبەستە کەرەستە و هێزی نیزامیی خۆی ڕەوانەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەراست کردووە.